ماناو مێژووی جامانەی سووری بارزانی 

رەحیم رەشیدی

گوڵان: هەمیشە سەرۆكی كوردستان بە جلی پێشمەرگە و جەمەدانێی سوورەوە دەبینین، مەبەست لەم جلە خاكییە پێشمەرگانەیە و ئەو جەمەدانێیە سوورە لای سەرۆك چییە؟
سەرۆک بارزانی: لە رابردوودا لە دەڤەری بارزان پیاوان (مشكی)یان دەبەست، بەڵام جەمەدانێ‌ زۆر كەم بوو، پێموابێت هەر بوونی نەبوو، تەنها مشكیی رەش و شین و سوور هەبوو، لەساڵی ١٩٣١ كاتێك حكومەتی عێراقی و سوپای بەریتانی هێرشیان كردە سەر دەڤەری بارزان، دوای بەرەنگارییەكی توند بەناچاری بارزان چۆڵ كرا، بۆیە شێخ ئەحمود و باوكم و سەرجەمی هۆزەكەمان چوون بۆ توركیا، لەو كاتەدا لەبەر ئەوەی جەمەدانێی “شێخ ئەحمەد” رەنگی سوور بوو، بۆیە حكومەتی عێراقی پێیوابوو هەر بارزانییەك جەمەدانێی سووری بەستبێت، ئەوا لە موریدانی شێخ ئەحمەدە، بۆیە بڕیارێكی عورفییان دەركرد بەوەی هەر كەسێك جەمەدانێی سوور ببەستێ‌، لە سێدارە دەدرێت، خەڵكیش ئاگادار كرایەوە كە نابێت مشكیی و جەمەدانێی سوور لەسەر ببەستن، بەڵام خەڵكی بارزان بەرەنگاری ئەم بڕیارە بوونەوەو ئەم بەرەنگاربوونەوەیە وەكو شۆڕشێك بوو، ئەوەبوو شوانێك دەستگیر كرا كە جەمەدانێی سووری بەستبوو، رژێم هەر بەو جەمەدانێیە ئەو شوانەی خنكاند، ئەمە بووە هۆی راپەڕینی خەڵكەكە و پەلاماری قائیمقامیەت و بارەگای فەوجی سوپا درا، لە كاردانەوەی ئەمەشدا حكومەت ١٢ كەسی لە بارزانییەكان دەستگیر كرد و لەسێدارەی دان، ئیتر لای خەڵكی دەڤەری بارزان وای لێ‌ هات ئەوەی جەمەدانێی سوور نەبەستێت مانای ئەوەیە ملكەچی ئیرادەی دوژمن بووە، واتە دەستبەرداری بیرو باوەڕی خۆی بووە، بۆیە جەمەدانێی سوور بووە سیمبولی بەرەنگاربوونەوە، پیرۆزیی ئەم جەمەدانێیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە جلی پێشمەرگەو جەمەدانێی سوور دوو سیمبولی بەرەنگاربوونەوەن، بۆیە هەردووكیان پیرۆزن.

ژێدەر:
گۆڤاری گوڵان ساڵی ٢٠١٠

مسته‌ر_كورد

ڕەنگە بە دڵت بن