ئاسۆ پیرۆتی: سەدا ٧٠ی قوتابیانی سویسرا روو لە خوێندنی پیشەیی دەکەن..پێویستە هەرێمی کوردستان گرینگی پێ بدات 

ئەندامێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی- سویسرا، هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆمەڵەی قوتابخانەکانی پلە ناوەندی شاری رێنانی ئەو وڵاتەیە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دیمانەیەکیان سەبارەت بە سیستمی پەروەردە لەگەڵدا سازداوە، کە تێیدا ئاماژە بە چەند تەوەرێکی پەروەردەیی دەکا و، ئەوەش دەخاتەڕوو، وێڕای کەند و کۆسپەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێم، سیستمی پەروەردە سەردەمیانەیە، هاوکات لە پێناو کۆمەڵگەیەکی تەندروستیشدا، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێوستە گرینگی بە خوێندنی پیشەیی بدرێت، ئەوەش بە نموونە دێنێتەوە، کە لە سەدا٧٠ی قوتابیانی سویسرا لە بوارە پیشەییەکان دەخوێنن، ئەوەش بووەتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لەلایەک، هاوکات تاکێکی وەبەرهێن، ئەوەش دەخاتەڕوو کە پێویستە پەروەردە بێلایەن بێ لە ئاست ئایین و بیروبۆچوونەکان.

کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان دەبێت لەسەر بناغەی زمانی دایک بێت

مامۆستا ئاسۆ پیرۆتی سەبارەت بە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بڕوای وایە، کە یەکەمجارە بۆ ماوەیەکی ئـەوتۆ، بەشێکی خاكی کوردستان بۆتە خاوەنی دەستەڵات و هەوڵی داڕشتنی سیستمی پەروەردەیی خۆی دەدات. کاتێک ویستێکی سیاسیی بۆ دامەزراندنی پەروەردەیەکی پێشکەوتوو هەبوو، یەک لەو پارامێترانەی کە یارمەتی داڕشتنی دەڕەخسێنێت، دۆخێکی ئـاسایی نیشتمانە. ئەوه‌ش دەخاتەڕوو، کە دۆخی کوردستان و ناوچەکە ئـەوەیان پێدەڵێت، هەر لەکاتی سەرەتای ساڵەکانی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، ڕێکخستنی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و یەکەم کابینەی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، لە رێککەوتی ١٩/٥/١٩٩٢وە، تا ئـێستاش ئـەم حکوومەتە کەم سەقامگیری درێژخایەنی لەسەر تەواوی پانتایی خاکی هەرێم بە خۆیەوە دیوە. دەشڵێ، کە کوردستان لە ناوچەیەکی زۆر ئـاڵۆزدا هەڵکەوتووە و ئـاستەنگی ئـابووری، سیاسی، ئـەمنی، کۆمەڵایەتی و، بەتایبەت پرسی ناسنامەی نەتەوەیی بەهێز، لەبەردەم داڕشتنی پلانی سیستمێکی پەروەردەیی سەقامگیر لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

پیرۆتی، کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان بەوە ناو دەبات، کە بناغەکەی دەبێت زمانی دایک بێت و، سەربەخۆیی پەروەردەیی و بەرژەوەندی نیشتمانی بێت، لەو رووەوە گرینگی پێویستی پێنەدراوە، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە تا ئـێستاش پەروەردە بە زمانی دایک، کە سەرچاوە و کانی گەشەکردنی هزری فێرخوازە، لە ژێر هەڕەشە دایە و، جەخت دەکاتەوە لە زمانی دایک، بەو پێیەی بۆ منداڵی کورد دەبێت کاری جیددی لە سەر بکرێت، ئـەگەر کاری ورد و بەرپرسانەی بۆ نەکرێت، لە داهاتوودا هاووڵاتی کوردستان دەبنە بەکارهێنەری بەرهەمی زمان، زانست، کەرەستە، تێکنۆلۆجیای وڵاتانی دەرەوە، لە باری ئـابوورییەوە توانای تاکی کورد بۆ بەرهەمهێنان بەرەو داکشان دەڕوات.

سەرباری کەند و کۆسپەکان پەروەردەیەکی سەردەمیانە لە هەرێم هەیە

لەپاڵ گشت سێكتەرەکانی دەوڵەت، سیستمی پەروەردە گرینگییەكی گەورەی لایەنی زانستی ‌و ژیاری هەیە و، پێشكەوتنی وڵات پێویستی بە سیستمێكی بەهێزی پەروەردەیە، سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستا ئاسۆ پیرۆتی، پێیوایە کە فاکتەرە دەرەکی و ناوخۆییەکان ئـاستەنگن و، وای لە حکوومەتی هەرێم کردووە، کە هەر لە هەڵوێستی بەرگریکردندا بێت و لەگەڵ بارودۆخەکە خۆ بڕخسێنێت، بەو واتایەی حکوومەتی هەرێم، نەیتوانیوە دەستەڵاتی تەواویی بەسەر هەموو ناوچەکاندا بە شێوەیەکی یەکسان هەبێت و لە پۆتالنسییەل و توانایی وڵات کەڵک وەرگرێت. هۆکارەکەیشی بۆ هەموو ئـەو کەند و کۆسپانە دەگێڕێتەوە لەبەردەم هەرێمدا دروست دەکرێن، سەرباری ئەوەش خۆشحاڵە بەوەی دەبینێ کاری باش بۆ دامەزراندنی پەروەردەیەکی سەردەمییانە لە ھەندێک شارەکاندا کراوە و، بە بەراوەرد لەگەڵ دۆخی سیاسی ناوچەکە، ئـیمکاناتێکی باش بۆ قوتابی بەشێکی کوردستان ڕەخساوە.

پەروەردەیەکی دادپەروەر و یەکسانخواز

مامۆستا ئاسۆ پیرۆتی، سەبارەت بە پەروەردەیەکی تەندروست، کە قوتابی بەرەو ئـەو ئـامانجانە ببات و لە ئـاکامدا بتوانێت وەک ئـەکتەرێکی کارا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی تەندروستر و یەکاسنتر دەور بگێڕێت، چەند نموونەیەک دێنێتەوە.

یەکەم: پەروەردەیەکی سەربەخۆ، بۆ وێنە، دەوری قوتابخانەکانی سەر بە دەوڵەت و قوتابخانەکانی تایبەت:

لە (ھەرێمی ڤۆ)ی سویسرا، کە یەکێکە لە ٢٦ هەرێمی کۆنفدراسیۆنی ئەو وڵاتە، مستەوای خویندن و فێربوون لە قوتابخانەکانی دەوڵەت بە بەراورد بە قوتابخانەکانی تایبەت، لە سەرترە.

خوێندن تا تەمەنی پازدە ساڵی ئـیجبارییە و هەموو تێچووی خوێندنی قوتابی، پەڕتووک، کەلووپەلی خوێندن، مووچەی مامۆستایان و هتد، لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمەکەیە، درووستکردنی قوتابخانە و هۆڵی وەرزشی و دابینکردنی هاتوچۆی قوتابی بۆ قوتابخانە، لەسەر حکوومەتەکانی شارن، (جار جار بە گوێرەی پڕۆژە، بەشێکی ئـەو تێچووانە دەکەوێتە سەر ئـەرکی کۆنفدراسییۆن).

لە قوتابخانە ئـەوپەڕی هەوڵ دەدرێت کە فێرخواز چانسی یەکسانی پێبدرێت و دادپەروەرانە و بێ جیاوازی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی دایک و باوکیان هەڵسووکەوتیان لە گەڵدا بکرێ، پیرۆتی نموونە بەوە دێنێتەوە، کە لەو قوتابخانانەی کە لە ژێر بەرپرسایەتی ئەودان، منداڵی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی شار هەر وەک هەموو منداڵەکانی دیکە لە یەک پۆلدا و، بە یەک جۆر کەرەستە و بێ جیاوازی دەوام دەکەن.

ئەوەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە ئـامانجی سیستمە پەروەردەییەکە ئـەوەیە، کە هەر قوتابییەک چانسی بەرزکردنەوەی ئاستی هەبێت و، هەل وا بڕەخسێنێت کە لە پۆتانسییەڵی تەواوی قوتابیان بۆ داهاتووی وڵات، کەڵک وەرگیرێت و، پاشان بەگوێرەی توانا ئـەرکی پێ دەسپێردرێت.

دەشڵێ، لەو بوارەدا هەم هاووڵاتی لە کوردستان، هەم دەستەڵاتداری حکوومەتی هەرێم و، بەغداش بە قووڵی لەسەر ئـەرک و مافەکانیاندا بێنەوە و کاری جیددی و بنەڕەتی بۆ بکەن.

بێ لایەنی سیستمی پەروەردە لە ئـاست ئـاین و بیر و بۆچووندا

پیرۆتی پێیوایە، کە دەبێت پەروەردە تەواو بێ لایەن بێت و، هەوڵ بدرێ، کە فێرخواز نەبێتە ئـامراز بۆ ئـامانجی سیاسی، ئـایینی و یان ئـایدیۆلۆژی، چونکە ئـەم بێلایەنییە ژینگەی فێربوونی قوتابی بەرزتردەکات و، ڕێگای پێدەدات هەرچی باشتر پۆتانسیەل و توانای هزری خۆی بۆ گەشەکردن و فێربوونی زانست تەرخان بکات.

ئەوەش دەخاتەڕوو، بەگوێرەی داتای ساڵی ٢٠٢٢، ١٢٣ نەتەوە پێکهێنەری قوتابییەکانی قوتابخانەکانی ئـەو بەشەن، کە لە ژێر بەرپرسایەتی ئاسۆ پیرۆتی دان لە سویسرا و، بە ڕیزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی ئـەو نەتەوانە و ئـاینەکانیان، یاسا سەروەرە و، وزەی فیرخواز تەنیا بۆ فیربوون بەکار دەهێندرێت و، لەژێر ئـەو بێ لایەنییەدا قوتابخانە دەبێتە کۆکەرەوەی هەموو جیاوازییەکان.

گرینگی خوێندنی پیشەیی

بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆمەڵەی قوتابخانەکانی پلە ناوەندی شاری رێنانی سویسرا،ئاماژە بەوە دەدا، کە هەر قوتابییەک لە سویسرا خۆی بۆ ئـەوە ئـامادە ناکات، کە بچێتە زانکۆ و، ڕیژەی ٣٠ لەسەدی قوتابییەکانی سویسرا ڕێگەی زانکۆ دەگرنەبەر، ئەوەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە لەوێ گرینگییەکی تایبەتی بە دامەزراوە پیشەییەکان و زانکۆکانی پیشەیی دەدرێت و، ٧٠ لەسەدی قوتابییەکان بەرەو ئـەو ڕێگایە دەڕۆن و، لەو بەشەدا سەرکەوتنی زۆر باش وەدەست دەھێنن و، سەقامگیری بەشێکی بەرچاوی کار و ئـابووری وڵات، ئـەوان دابینی دەکەن.

هەر لەسەر گرینگی خوێندنی پیشەیی مامۆستا ئاسۆ، دەڵێ، کە بەشیک لە قوتابییەکان، هەر لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە و بە یارمەتی ڕاوێژکاری قوتابخانە، پیشەیەک بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن و، لەو سیستمەدا هەفتانە، قوتابی چەند ڕۆژ لەسەر شوێنی کار، لەژێر چاودێری فێرکارێک بۆ پیشەی جێگای ئـارەزووی خۆی ڕادەهێنرێت و، چەند ڕۆژێک دەچێت بۆ خوێندنگە و لە باری تێـۆرییەوە بۆ ئـەو پیشەیە دەخوێنێت، بەوەش ئەو قوتابییانە لە بازاڕی کار زۆر سەرکەوتوون و داهاتووی زۆر سەگامگیرتریان هەیە. نموونەش بە باری ئـابووری وڵات دێنێتەوە، کە ئـەو دەستە لە هاووڵاتییانە، هەر لە ١٥ ساڵییەوە لە کۆمەڵگادا ئـەکتیڤن و، بیمەی کار و بیمەی ژیان و بیمەی خانەنشینی و باج دەدەن بە خەزێنەی دەوڵەت.

قوتابی سەرکەوتوو ئەوەیە بواری ئارەزوومەندی خۆی بخوێنێت

پیرۆتی ئاماژە بەوە دەدا، کە بنەمای پەروەردەی سەرکەوتوو لە سەر دۆزینەوەی تواناکانە، کە لە سویسرا پەیڕەو دەکرێت و، گەشەپێدانی زانست و پەروەردە یەک لەو پێنج کۆڵەکەی داهاتی نەتەوەیی پێک دەهێنێت ناو دەبات، کە ئەو وڵاتە بە جددی کاری لەسەر دەکات.

ئەوەش باس دەکات، کە هەر لەسەرتای دەستپێکردنی خوێندندا، هەر ساڵەی لە بواری جۆراو جۆردا کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لە گەڵ دایک و باوکەکان لەسەر دۆخ و پێشکەوتن و پڕۆژی منداڵەکەیان بۆ داهاتوو دەکرێ و، بەشێکی هەرە زۆری ئـەو توانایانە تا دەگەنە تەمەنی ١٥ ساڵی، دەستنیشان دەکرێن. هەربۆیە بەلای مامۆستا ئاسۆوە، ئیدی قوتابی ناکەوێتە ناو بەش و بوارێک، کە ئـارەزووی پێی نییە، بگرە قوتابی هاندەدرێت وزەی خۆی لە بوارێکدا تەرخان بکات، کە توانای سەرکەوتنی زۆرترە.

جەختیش لەوە دەکاتەوە، دەبێت قوتابی بۆ بڕوانامەیەک هەوڵ بدا، کە خۆی تێدا بدۆزێتەوە و بۆ کۆمەڵگاکەی بەکەڵک بێت و، لێرەدا هەم تاک سەرکەوتوو دەبێ و هەم سەرمایەی نەتەوەیی ئـەکتەرێکی ئەرێنیی و بەرهەمداری ڕادەستی کۆمەڵگا دەکات.

هەوڵ دەدا خزمەتی پەروەردەی کوردستان بکات

مامۆستا ئاسۆ پیرۆتی، ئاماژە بەوە دەدا، کە مانگی دیسامبری ٢٠٢١ بۆ ماوەیەکی زۆر کورت سەردانی کوردستانی کردووە و، چەند ڕۆژێک لە هەولێر بووە و چاوی بە وەزیری پەروەردە، ئـالان حەمەسەعید کەوتووە. هاوکات لەو دیدارەدا باسی سیستمی دووانەییان کردووە و، هەوڵێک هەیە بۆ ڕەخساندنی هاوکارییەک بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئـەزموونی سیستمی دووانەی.

دەشڵێ، کە چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی دەستەی وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی ڤۆ بوون، کە لە ١٠ مانگی چوار بەڕیوە چووە و، وەزیری پەروەردەی نوێ، ڕۆژی یەکی ئـەم مانگە دەستی بەکار کردووە، هیوادارە لە داهاتوودا بتوانێت خزمەتێک سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بکات.

پرۆفایل:

ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی وانە وتنەوەی بۆ پلەکانی کۆلێژ بەدەستهێناوە

ساڵی ٢٠١١ ماستەری لە زانستەکانی وەبەرهێنان بە دەست هێناوە، هاوکات بڕوانامەی باڵای بۆ پەروەردەکردنی مامۆستاکانی قوتابخانە بەدەستهێناوە

ساڵی ٢٠١٧ بڕوانامەی باڵای بەڕێوەبردنی دامودەزگا و ناوەندەکانی فێرکردنی بەدەستهێناوە

لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەڕێوەبەری کۆمەڵەی قوتابخانەکانی پلە ناوەندی شاری رێنانی سویسرایە

ئەندامی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرایە

دیمانە: خێڵان بەختیار

ڕەنگە بە دڵت بن