سویسرا: شاندێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری کۆنفراسی ئاشتی و پێکەوە ژیانی کرد

شاندێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا، کە پێکهاتبوون لە سۆران حەسەن، شۆڕش ئەردۆگان و، ئەیدۆگان ئەینال، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، بەشداری کۆنفراسی ئاشتی و پێکەوەژیانیان لە سایەی دەستووری عێراق کرد، کە لەلایەن کۆمەڵێ ڕێکخراوی ناحکومی لە شاری جنێف و لەناو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەبرا، بەڵام ڕێکخەری کۆنفراسەکە لەلایەن پەیمانگای جنێف بۆ پێکەوەژیان و ڕێکخراوی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ بوو، هاوکات بە هاوکاری کۆمەڵێ ڕێکخراوی دیکەی ناحکومی ڕێکخرابوو و،
سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بە نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان بەشداربوون، هەروەها شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە نەوزاد هادی و جەعفەر ئیمینکی و تەنیا کوردی، بەشداری کۆنفراسەکە بوون.

سەرەتای کۆنفراس لەلایەن ڕێکخەرانەوە بەخێرهاتنی سەرجەمیان کرا، کە ژمارەیان نزیکەی 30 کۆمەڵ و ڕێکخراوی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاجیاکانی عێراق بوون،
دواتر نەوزاد هادی ئەندامی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا تیشکی خستەسەر سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق و، ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلانی وڵاتەکەی کردوونی وەک تەعریب، ڕاگواستن، وێرانکردنی گوند و شارۆچەکەکان، کە سەرجەم نەتەوە جیاجیاکان و ئایین و ئایینزاکانی وڵاتی گرتۆتەوە، هەروەها لەبەشێکی دیکەی وتەکەیدا تیشکی خستەسەر شەڕی داعش، کە کوردستان چۆن بەرەنگاری تیرۆرستان بۆتەوە لەلایەک، لەلایەکی دیکە پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوەڕاستی عێراقیش کردووە.

ئەندامێکی دیکەی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی، سڵاوی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئامادەبووانی کۆنفراسکە و، هەروەها سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیەی کرد، پاشان تیشکی خستەسەر سیاسەتی جیاکاری عێراق، کە تا ئێستا بەردەوامە، بە پێچەوانەوە لە کوردستان تاڕادەیەکی باش جیاکاری ناکرێ، هیواشی خواست کە وێنەی ئەو پێکەوەژیانەی کوردستان بگوازرێتەوە ناوچەکانی دیکە، هەرێمی کوردستانیشی بە نموونەی عێراقێکی بچووکی پێشکەوتوو وێنا کرد، کە پێگەی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانە، ئەوەش بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی گەڕاندەوە، کە هەر لە سەرەتاوە بۆ دروستکردنی هەرێمێکی یاسایی و دەستووری فیدڕاڵی لە عێراقدا هەنگاوی بۆ ناوە، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی مام جەلالیشدا لە پاراستن و جێگیرکردنی مافی کەمە نەتەوەییەکان و ئایینییەکان لە عێراقدا کرد.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، باسی لە بوونی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشییەکان کرد، کە ئازادانە کاری خۆیان دەکەن، و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە تا هەموو پێکهاتە و ئایینییە جیاوازەکان پێکەوە بە ئاشتی لە کورردستاندا بژین.

دواتر نوێنەران و بەرپرسانی ڕێکخراوە جیاجیاکان، کە پێکهاتەی سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانی عێراق بوون، هەریەک لە تێڕوانینی خۆیان لەسەر پرسی ئاشتی و پێکەوەژیان خستەڕوو، هاوکات ڕەخنە و گازاندەیان لەبارەی دەستووری عێراق دەربڕی، کە ئەو وڵاتە لە ماوەی 17ساڵ لەدوای نووسینەوەی دەستوور، بەڵام هەر مرەکبی سەر کاغەزە و، جێبەجێنەکردنی بەندەکانی دەستوور، دەستەڵاتی حزبە ئیسلامییەکان و هێزە میلیشاییەکان دەستەڵاتیان هەیە و، نایەنەوێ ئەو وڵاتە لە ئاشتی و پێکەوەژیان دابێت.

هەروەها سەرجەمیان ستایشی ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانیان لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هیواشیان خواست ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانە بگوازرێتەوە بۆ عێراق و، سود لە بنەما و بنچینەکانی دادپەروەری و ئازادی نێو پێکهاتەکان و، سەرجەم ئایین و ئایینزاکان وەربگرن.

لەکۆتاییدا، هەندرێن مستەفا، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە سویسرا، سوپاسی ئامادەبووان و ڕێکخەرانی کۆنفراسەکەی کرد، و ستایشی هەموو ئەو بۆچوونانەی لە بارەی دەستوور و مافی کەمە نەتەوەییەکان و ئایینیەکان کرد،بەڵێنیدا کە ئەو بۆچوونانە بەرزبکاتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دواتر ئاماژەی بە کێشە دەستوورییەکان کرد، کە خۆی لە جێبەجێنەکردن و مانەوەی کێشەکان بە هەڵواسراوی دەبیننەوە، کە دواتر کێشەکان گەورە و فراوان دەبن، ئەوەشی بە واقعی عێراق ناوبرد.

جێ باسە، لە نێوەندی کۆنفراسەکەدا چەند جارێک باس لەوە کرا، کە کۆنفراسی داهاتوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش هەلێک دەبێت بۆ ئامادەبووانی زیاتر لە پێکهاتەکانی دیکە و، دەستەڵاتدارانی عێراقیش بەشێوەیەکی فراوان ئامادەییان دەبێت.

سۆران حەسەن-سویسرا

ڕەنگە بە دڵت بن