علی جمال
دراوی ئەلیکترۆنی داهێنراوێکی نوێ یە لە بواری بازرگانی و دارایی دا لە سەردەمی ئێستادا کاری پێدەکرێت ، وە شوڕشێکی نوێیە کە ووردە ووردە دێتە نێو کایەی ژیانی مرۆڤایەتی هەربۆیە کۆمپانیاکانی دراوی ئەلیکترۆنی بەردەوان لە پێشکەوتندان تاکو لەم ڕێگەیەوە شوێنی دراوە کانزایەکان و دراوی کاغەز بگرنەوە لەکاتی ئێستادا بەپێی سەرچاوە فەرمیەکان نزیکەی ٤٠٠٠ جۆری دراوی ئەلیکترۆنی هەیە هەروەها ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارهێنەرانی ئەم جۆرە دراوە ئەلیکترۆنیانە ڕوو لەزیاد بوون دەکەن ٠
دراوە ئەلیکترۆنیەکان جۆریان زۆرە لەوانە :٠
بیتکۆین ، پای ، بیتکۆین لیجێد ،بەیبی دۆگ و ئیگڵ نیتۆرک چەندین دراوی ئەلیکترۆنی تر هەن کە هەندێکیان لەبۆرسەن و هەندێکیان کێبڕکێ دەکەن بۆ چونە ناو بۆرسە وە ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانە لە سیستەمێکی ئاڵۆز پێک هاتووە هاک کردنیان زەحمەتە ٠
دراوی ئەلیکترۆنی جۆرێکە لە دراو کە تەنها بە شێوەی دیجیتاڵی بەردەستە و ئامادەیی فیزیکی نییە وەک دراوی بانکی دراوی کاغەز، لەگەڵ ئەوەشدا هەمان تایبەتمەندی لە دراوە داراییەکانی دیکەدا هەیە، بۆیە مامەڵەی خێرا و گواستنەوەی خاوەندارێتی بەبێ سنوور ئەنجام دەدرێت؛ تەنانەت دەتوانرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزاری جۆراوجۆر بەکاربهێنرێت؛ هاوسەنگییەکی داراییە کە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەسەر کارتێک تۆمار دەکرێت بە بەهایەک کە لەسەر ئامێرێکی تر هەڵگیراوە و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەسوڕێتەوە، هەروەها دەتوانێت خاڵێکی ناوەندیی دابینکردنی پارەی هەبێت کە وا دەکات پارەی دیجیتاڵی جێگیر بێت، هەروەها هەندێک دراوی لامەرکەزی هەیە و… دابینکردنی پارە لە ڕێگەی سەرچاوەی جیاوازەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
هەروەها دەتوانرێت دراوی دیجیتاڵی وەک جۆرێک لە دراو یان ئامرازێکی ئاڵوگۆڕی سوود پێناسە بکرێت کە تایبەتمەندی هاوشێوەی دراوە فیزیکییە بەرجەستەکراوەکان پێشکەش دەکات، بەڵام دیجیتاڵییە نەک بەرجەستە، و ڕێگە بە مامەڵەی خێرا و کڕین و فرۆشتن دەدات وەک دراوی بەرجەستە
لەکاتی مامەڵەکردن بەو دراوە ئەلیکترۆنیانە هیچ نێوەندگیریەک نیە، بۆ نمونە کە تۆ دراوێکی ئاسایی وەکو دۆلار گەر بتەوێت بڕێکی دیاریکراوی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەی ئەوا بانکی ناوەندی ئاگادارە بەوکارە و کێشەی نیە، چونکە تۆ بەڕێکاری یاسایی پارەکەت دەنێری، بەڵام دراوەئەلیکترۆنیەکان ئەونێوەندگیریەیان نیە، بەڵکو راستەوخۆ لەڕێی ئەکاونتێک یان چەندەها شێوازی تر مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن هەربۆیە زۆرینەی وڵاتەکان بگرە ئەتوانین بڵێین هەموو وڵاتانی جیهان مامەڵەکردن بەودراوە ئەلیکترۆنیانە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن و سزای لەسەرە، بۆنمونە بانکی ناوەندی عێراق لەسالی ۲٠۱٥ دا بڕیاری دا هەرکەسێک مامەڵە بەودراوانەوەبکات سزا دەدرێت بە ماددەی سزای سپیکردنەوەی پارە
دراوی ئەلکترۆنی کە تەواو پێچەوانەی دراوی ئاساییە، کە مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی سەردەمانێکە مامەڵەی پێوەدەکەن چ لە ڕێگەی مامەڵەی دەستی بە دەستی یاخود لە ڕێگەی بانکەکانەوە، مرۆڤەکان هەست بە بوونی دەکەن لە ڕووی فیزیکیەوە، بەڵام هەرچی ئەم جۆرە دراوەیە لە ڕووی فیزیکی هەست بە بوونی ناکرێت ناتوانرێت دەستی لێبدرێت، هەر ئەم ئامادەنەبوونەیە گومانی خستۆتە سەر خودی دراوەکە، چونکە مامەڵەکارانی ئەم دراوە تەنها لە ڕێگەی ژمارەیەکەوە دەتوانن مامەڵەی پێوەبکەن.
سەڕەرایی نەبوونی دڵنیاییەکی تەواو لە لایەن مامەڵەکاران بەم دراوە لە چەند وڵاتێک مامەڵەی ئاسایی پێوەدەکرێت لە ڕووی کڕین و فرٶشتن و پارە ناردن و یاخود وەرگرتنی پارە. وە خەریکە زۆربەی مامەلە ئاساییەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە ڕێگەی ئەم دراوە ئەنجامبدرێت و ڕایبکرێن. لە هەمان کاتدا هێشتا هەندێک وڵات زۆر بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەل ئەم دراوە دەکەن وە لە هەندێک شوێن هەر مامەڵەی پێوە ناکرێت بە تایبەت ئەو وڵاتانەی لە جیهانی ئیسلامیدان.
کوردستانی خۆشمان بەدەر نیە لەم دونیاییەدا وە مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوە خەریکە تەشەنەدەسەنێت و خەڵکانێکی زۆر وە بە شێوەیەکی ناسروشتی و بێ هەبوونی پێشینەکی زانستی و لوژیکی و رۆشنبیری و ( بەبێبوونی سەرەتایترین زانیاری لەسەر ئەم دراوە) مامەڵەی پێوەدەکەن و خەریکی کڕین و فرۆشتی ئەم دراوەن،
ژمارەیەک هاووڵاتی ڕەنگە سوودی لەم جۆرە دراوە بینیبێت، بەلام لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕەنگە نەک سوود، بەڵکوو زەرەریشی لەم جۆرە مامەڵەیەکردبێت.
ئەمەش ڕەنگە لە ئەنجامی نائامادەیی کورستان و کەرتی داراییەکەی بێت بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە. ئەوەی لە کوردستان باوە وە زۆر باسی لێوەدەکریت دراوی ئەلکترۆنی (Bitcoin) بیتکۆینە وە زیاتر هاووڵاتیانی کوردستان گرنگی بەم جۆرە دراوە دەدەن کەچی لە وڵاتانی تر ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جۆری ئەم دراوەنە هەن و هەمووشیان مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەوەی لێرەدا باسی سەرەکییە، جۆرەکان و چۆنیەتی کارکردن و مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوانە نیە، بەڵکوو داهاتووی ئەم دراوەیە. وە وڵامدانەی چەند پرسیارێکە کە ڕەنگە لە زیهنیەتی خوێنەرانی ئەم بابەتە گەڵاڵە بووبێت هزریانی سەرقاڵکردبێت، ئەوانیش ئایا دراوی ئەلکترۆنی جێگەی دراوی ئاسایی دەگرێتەوە؟
ئایە هەر ئەم جۆرە دراوانەی کە ئێستا بەکاردەهێنرێن هەر ئەمانە دەبن یاخود جۆری تر دێتە شوێنیان؟ بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەم پرسیارانە ڕەنگە ئەستەم بێت ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بەڵام بەرمەبنایی چەند توێژینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتەو جۆری دراوانە ئەنجامدراون ڕەنگە بتوانین هەر هیچ نەبێت بەرچاو ڕوونیەک بخەینە ڕوو، ئەگەر وڵامی تەواویشیان نەدەینەوە زۆربەی پسپۆڕانی بواری دارایی و بانک وە هەروەها پسپۆڕانی ئابووری کۆکن لەسەر ئەوەی کەوا داهاتوو بۆ دراوی ئەلیکترۆنی دەبێت و دراوی ئەلیکترۆنی جێگەی دراوی ئاسایی لەق دەکات، ئەگەر جێگەشی نەگرێتەوە، وە بۆ ئەم کۆک بوونەشیان چەندین پاساو دەهێننەوە، وەکو خێرایی لە مامەڵەکردن بەم دراوە، وە تێچووی کەم لەسەر ئەو لایەنەی مامەڵەی پێوەدەکات وە لە سەرووی هەمووشیان پارێزراوی (کە بەداخەوە لە کوردستان ئەم جۆرە لە پارێزبەندی وە مافی مامەڵەکارن بەم دراوە پارێزراو نیە).
وە ئەگەر سەیری بەکارهێنەرانی ئەم دراوانە بکەین ڕٶژ دوای ڕٶژ زیاتردەبن. نەک تەنها کەسانی یاسایی، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پەیتا پەیتا باوەش بۆ ئەم جۆرە دراوانە دەکەنەوە لەوانە کۆمپانیاکانی وەکو Tesla, Starbucks چەند کۆمپانیایی تر، وە لە کۆتا ئەو هەلی کارانەی کەوا کۆمپانیایی Amazon ئامازۆن ڕایگەیاندوە بۆ کارکردن لەم کۆمپانیاییە ، ئەوانە دەگرێتەوە کەوا شارەزان لە بواری دراوی ئەلیکترۆنی و دامەزراندنی (بلۆک چەین) بۆ کۆمپانیای ناوبراو، بۆیە ئەم دەرگاکردنەوەی کۆمپانیاییەکی گەورەی وەکو ئەمازۆن نیشانەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە کەوا لە داهاتوودا ئەم دراوە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دەبێتە دراوی فەرمی وە کاری پێدەکرێت.
ڕەنگە ئەمە سەرتایەک بێت کە کۆمپانیا ناوبراو جگە لە پەسەندکردنی ئەم جۆرە دراوە هەوڵی ئەوەش بدات کەوا وەبەرهێنان لەم جۆرە دراوە بکات و بێتە ڕێزی کۆمپانیا گەورەکانی وەکو Tesla کە تاکو ئێستا بە گەورەترین کۆمپانیا دادەنرێت کە وەبەرهێنانی کردوە لەم دراوەدا.
ئەم پێشوازییەی هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان لەم جۆرە دراوە لە سەرتاسەری جیهان وڵاتانی دونیایی ناچارکردوە بیرلەکردنەوەی بانکی مەرکەزی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی بکەنەوە هەر وڵاتێک Blockchain ی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تا دەگاتە ئەوەی هەر وڵاتێک دراوی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی هەبێت.
بۆیە بە پێی دواین ڕاپۆرتەکانی بواری دارایی و بانک ٨١ وڵات لە سەرتاسەری جیهان کە ٩٠% GDP ئابووری گۆیی زەوی پێکدەهێنن وە لە سەرووی هەموویانەوە هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و وڵاتی چین خەریکی کردنەوەی بانکی مەرکەزین بۆ ئەم جۆرە دراوە نوێییە. هەردوو وڵات بە تایبەت ترسیان لەوە هەیە ئەگەر وەکو گشت بوارەکانی تر کە پێشەنگن لەم بوارەشدا سەرمەشق نەبن! ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم سەرقافڵەییە لەدەست بدەن بۆیە زۆر بە جدی و بەخێرایی کار بۆ کردنەوەی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی دەکەن.
لێرەدا پرسیارێک دێتە نێو هزری هەر تاكێکمان ئەگەر هەر وڵاتێک دراوێکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی هەبێت! ئەی داهاتووی ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانەی کە ئێستا هەن چیان بەسەر دێت؟ هەر ئەمەش وایکرد بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کردنەوەی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی. دراو ی ( Bitcoin)بتکۆین نیوەی بەهاکەی لەدەست بدات لە بازاڕەکانی دراودا.
بۆیە بوونی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی واتە بوونی دراوی ئەلکترۆنی تایبەت بۆ وڵاتان. ئەمەش مەترسی یەکجار گەورە لەسەر ئەم دراوانە دروست دەکات کە ئێستا مامەڵەیان پێوەدەکرێت، چونکە هیچ وڵاتێک خۆی بە خاوەنی ئەم دراوە ئەلکترۆنیانەی دانانێت.
بۆیە ئەگەری داڕمانی بەهایی ئەم دراوانە لە ئان و سات دایە هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ ئەم دراوانەی کە هەن لەم کاتەدا. لە کۆتاییدا بە پێی هەموو پێوەرەکان داهاتوو بۆ دراوی ئەلکترۆنی دەبێت وە ئەم دراوە جێگەی دراوی ئاسایی دەگەرێتەوە. بەڵام چۆن؟ وە کەی؟ ئەمە دەبێت ئایندە وڵاممان بداتەوە.