سەرەڕای زیانەکانی شەڕی ئۆکرانیا، کارەساتی نوێ هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات

توێژەران لە یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدەن، کە شەپۆلی وشکەساڵی توند، لە بەشەکانی ئەوروپا روو دەدا و خراپتر دەبێت، هاوکات تێبینی ئەوەیان کردووە، کە بارانبارین لە هەندێ ناوچەدا یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کاریگەریەکە، بەڵام زریانی هەورە بروسکەش بێ مەترسی نییە.

دواین ڕاپۆرتی مانگانەی ڕوانگەی وشکەساڵی جیهانی یەکێتی ئەوروپا، مەترسییەکانی وشکەساڵی ئێستای خاک لە شەپۆلە گەرمە یەک لەدوای یەکەکانەوە لە مانگی ئایارەوە و، کەمی بارانبارینیان خستە ڕوو.

لە نوێترین ڕاپۆرتیدا، ڕوانگەکە، ڕاپۆرتی پێشووی خۆی نوێ کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە وشکەساڵی هەڕەشە لە نزیکەی نیوەی خاکی یەکێتی ئەوروپا دەکات، چونکە دابەزینی ئاستی ڕووبارەکان و دابەزینی سەرچاوەکانی ئاو، کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەباش دەبێت.

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی کۆمسیۆنی ئەوروپاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “ئەو وشکەساڵیە سەختەی، کە لە سەرەتای ساڵەوە چەندین بەشی ئەوروپای گرتۆتەوە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە فراوانتر بووە و خراپتر بووە”.

ڕاپۆرتەکە پێشبینی زیادبوونی مەترسی وشکەساڵی لە بەشێکی زۆری ئیتالیا، ئیسپانیا، پورتوگال، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئیرلەندا، لوکسەمبۆرگ، ڕۆمانیا و هەنگاریا و لە وڵاتانی نا یەکێتی ئەوروپای وەک، بەریتانیا، سربیا، ئۆکرنیاش دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ئێستادا سەدا 17ی خاکی ئەوروپا لە بەرزترین ئاستی هۆشداریدان، بە بەراورد بە سەدا 11ی مانگی تەموز.

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی زیاد کرد کە بەشەکانی ناوەڕاستی یەکێتی ئەوروپا دەبێت ئامادەکاری بکەن بۆ “گەرمتر و وشکتر لە ئاسایی” هەتا مانگی تشرینی دووەم.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت پێدەچێت باران لە ئاستی ئاسایی لە بەشەکانی ئەوروپا لە نێوان مانگی هەشت و تشرینی یەکەمدا ببارێت بەڵام “لەوانەیە بەس نەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی تەواوی ئەو کورتهێنانەی کە زیاتر لە نیو ساڵ کەڵەکە بووە”.

ڕەنگە بە دڵت بن