مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە بڕیاریدا بەشداری خۆی لە لوتکەی پێنج ساڵەی عەرەب لە میسر هەڵوەشێنێتەوە و، بگەڕێتەوە عێراق، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنەکانی ڕووداوەکانی ئێستای عێراق.
نووسینگەی زانیاری سەرۆکوەزیران، لە لێدوانێکی فەرمیدا گوتی: مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران، سەردانەکەی بۆ کۆماری عەرەبی میسر هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئەوەش دوای پەرەسەندنەکانی ناڕازایەتییەکانی ئێستای ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بکات.
کازمی هۆشداریدا لەوەی کە تێکشکانی کارەکانی دەزگای دادوەری، وڵات دەخاتە بەردەم مەترسی ڕاستەقینەوە و، جەختیشیکردەوە، کە مافی خۆپیشاندان بەگوێرەی دەستوور مسۆگەرە و، پێویستە ڕێز لە دەزگاکانی دەوڵەت بگرن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، داواشی لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد، کە هێور ببنەوە و سوود لە دەرفەتی دیالۆگی نیشتمانی وەربگرن، بۆ ئەوەی وڵات لەو قەیرانەی ئێستا دەربهێنن.
کازمی داوای کۆبوونەوەی دەستبەجێی سەرکردەی هێزە سیاسییەکان کرد، بۆ کاراکردنی ڕێوشوێنەکانی دیالۆگی نیشتمانی و پوچەڵکردنەوەی قەیرانەکان.
کازمی ڕۆژی دووشەممە گەیشتە شاری عەلەمین، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پێنج ساڵەی سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح ئەلسیسی و، شێخ محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات و، شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردنی و، حەمەد بن عیسای پاشای بەحرەین.