سێرگی شویگو، وەزیری بەرگری ڕوسیا، لەمیانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ڕێکخراوی هاوکاری شەنگهای، کە لە ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەیان لە ئۆکرانیا بەگوێرەی پلانەکەیان بەڕێوەدەچێت و، هەموو ئەرکەکانیشی بەدەست دەهێنرێت، وە جەختیشی کردەوە کە خاوبوونەوەی خێرایی هەڵمەتەکە، بۆ کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکانە.
شویگو ئەوەشی خستەڕوو، کە ئامانجی واشنتۆن لە ئۆکرانیا ئەوەیە، کە ڕوسیا لە ڕووی ستراتیژیەوە ماندوو بکات بۆ نەهێشتنی پێشبڕکێ و هۆشداریی وڵاتانی دیکە بەرانبەری.
وتیشی: “دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، ژمارەی کوژراوەکان دوو ئەوەندە دەکات.
شویگو، ئاماژەی بەوەشدا، کە بەرنامەی بایۆلۆجی سەربازی ئەمەریکا وردەکارییەکانی لە کاتی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی ئۆکرانیادا ئاشکرا بوو، مەترسی ڕاستەوخۆی بۆ سەر وڵاتانی سکۆتلەندی دروست دەکات.
شەڕی ئۆکرانیا لە بەرەبەیانی 24ی شوباتەوە بە لێدانی توندی ڕوسیا لە سەرانسەری ئۆکرانیا دەستی پێکرد، ئەوەی مۆسکۆ دەڵێت ” ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەتە” بۆ پاراستنی ناوچەی دۆنباس، کە دانیشتوانی ڕووسی زمان تێیدا دەچەوسرێنەوە، بە پێی مۆسکۆ، هەروەها لەوە دەترسێت کە ناتۆ لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە بەرەو سنوورەکانی خۆی فراوان بێت.