بزانە لەمساڵدا تورکیا چەند هەزار کۆچبەری دیپۆرتکردووەتەوە

دەستەڵاتدارانی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 73 هەزار و 836 پەنابەری نایاسایی دیپۆرتکردووەتەوە، کە 2 هەزار و 383 پەنابەریان لە نێوان 19 بۆ 25ی مانگی ئابدا بووە.

بەشی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا، دیپۆرتکردنەوەی نزیکەی 74 هەزار پەنابەری نایاسایی لەو وڵاتە پشتڕاستکردەوە، کە 2383 پەنابەریان لە نێوان 19 بۆ 25ی مانگی ئابدا بووە و، ئەو کۆچبەرانەش زیاتر لە ئەفغانستان و پاکستان و نەتەوەکانی دیکە بوون.

دەستەڵاتداران دەڵێن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 200 هەزار و 897 پەنابەری نایاسایی هەوڵی گەیشتنیان بەو وڵاتە پوچەڵکراوەتەوە، کە 5052 پەنابەریان بەس لە هەفتەی ڕابردووی مانگی ئابدا بووە.

بەردەوامی دیپۆرتی سورییەکان

لەمانگی ئایاری ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، نیازی خۆی بۆ دیپۆرتکردنەوەی نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری سوری لە تورکیا ڕاگەیاند و، گوتی: “ئێمە پڕۆژەیەکی نوێ ئامادە دەکەین بۆ توانادان بەگەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یەک ملیۆن خوشک و برای سوری، ئێمە ئەم پڕۆژەیە بە پشتیوانی ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکەین”. ئەم ڕاگەیاندنەی ئەردۆغان، لەلایەن چەند ڕێکخراوەوە ئیدانەکرا، چونکە زۆرجار پەنابەران بەزۆر دیپۆرت دەکرێنەوە و، دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان دەبێتە هۆی لاوازبوونیان لە بەرامبەر پێشێلکارییە مرۆییەکان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتن و دەستگیرکردنیان، لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سورییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری، حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2019ەوە، بە زۆر پەنابەرانی سوری ڕەوانەی باکوری سوریا کردووە.

هاوکات بەپێی چاوپێکەوتن لەگەڵ 21 پەنابەردا، ڕاپۆرتەکە دەریخست، کە ئەنقەرە کارتی کیملیکی پوچەڵکردۆتەوە (ناسنامە و کارتی پاراستن کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەرچووە) و، قەدەغەی پێنج ساڵەی بەسەر پەنابەراندا سەپاندووە.

ڕێککاری دیپۆرتکردنەوەکە بە بڕیاری ژمارە 676ی ئۆکتۆبەری 2016 بەڕێوەدەبرێت، کە مەودای زەمینەکانی دیپۆرتکردنەوەی فراوان کردووە و، داواکارانی پاراستنی نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە، جێبەجێکردنی ئەم مەرسومە بووە هۆی زیادبوونی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لەم ساڵانەی دواییدا.

سنووری تورکیا و بولگاریا و یۆنان، گەواهی زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەن، کە بە نایاسایی ڕێگای وشکانی، یا دەریایی دەگرنەبەر بەهیوای گەیشتن بە ئەوروپا و، پۆلیسی تورکیاش شێوازی جۆراوجۆر بەکاردێنن بۆ ڕێگەگرتن لێیان.

ڕەنگە بە دڵت بن