ئێران سنووری لەگەڵ عێراق داخست..کوێتیش هۆشداریدا

ئێران سنووری خۆی لەگەڵ عێراق داخست، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی عێراق، کە تا ئێستا 23 کەس کوژراوە، هاوکات کوێتیش هۆشیاری بە هاووڵاتیانیدا.

ئەمڕۆ سێ شەممە، حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، داخستنی سنوورەکەی لەگەڵ عێراق، لە ئەنجامی سەرهەڵدانی توندوتیژییە لە بەغدا، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر وازهێنانی خۆی لەکاری سیاسی ڕاگەیاند.

تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران، ئاماژەی بەوەدا، کە داخستنی سنوورەکە، بەهۆی نائارامی و قەدەغەی هاتووچۆوە بووە لە شارەکانی عێراق، کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق بەدوور بگرن.

بڕیارەکە لە کاتێکدایە، کە ملیۆنەها ئێرانی لە ئامادەکاریدان بۆ گەشتکردن بۆ عێراق بەمەبستی سەردانی مەزارگەی شیعەکان.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردەوە، کە حکومەتی کوێت، هانی هاوڵاتیانی خۆی لە عێراق داوە، کە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

ئاژانسی هەواڵی کونای کوێتیش، داوای لەو کەسانە کرد، کە بەنیازن گەشت بۆ عێراق بکەن، بەهۆی بەریەککەوتن و توندوتیژی نێوان گرووپە ڕکابەرەکانی شیعە، گەشتەکانیان دوابخەن.

خۆپیشاندەرانی دڵسۆز بۆ موقتەدا سەدر، کە ڕۆژی دووشەممە وازهێنانی خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند، لایەنگرانی بەربەستی کۆنکرێتیان لە دەرەوەی کۆشکی حکومەت لابرد و، چوونە کۆشکی کۆمارییەوە.

جێی باسە، سوپای عێراق قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری ڕاگەیاند و، سەرۆکوەزیرانی کاتیش لە وەڵامی توندوتیژییەکاندا، دانیشتنەکانی کابینەکەی ڕاگرت.

ڕەنگە بە دڵت بن