بلینکن: بڕیارەکەی پۆتین ئەو زیانە گەورە ئاشکرا دەکات کە بەر هێزەکانیان کەوتووە 

ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ، بڕیارەکەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ هەرێمی خارکیێڤی ئۆکرانیا، ئەو زیانە گەورەیە پشتڕاست دەکاتەوە، کە بەر هێزەکانی ڕوسیا کەوتووە.

وتیشی: “ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە ڕوسیەکان لە ئۆکرانیا ئامادەن، بەداخەوە سەرۆکی ڕوسیا، پۆتین، دەریخست کە خەڵکێکی زۆر فڕێدەداتە ناو شەڕەکەوە، ئەوەش بۆ ڕوسیا تراژیدیا و ترسناکە”.

بلینکن لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل، قسەی لەگەڵ پەیامنێران کرد، دوای ئەوەی لەگەڵ جێنس ستۆلتەنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ دوا، ئەوەش ڕۆژێک دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کیێڤ هات.

ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕوسیا، پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە هێزەکانی مۆسکۆ دووبارە دەنێردرێنەوە ناوچەی خارکیێڤ، ئەوەش لە وەڵامی بەرنگاربوونەوەیەکی فراوانی ئۆکرانی.

TASS و RIA Novosti ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئاماژە بە گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی دەکات لەسەر ڕێگایەکی قیرتاو، کە هەندێک لە ئاڵاکانی ڕوسیا هەڵدەگرن و پیتی (z)یان پێوەبووە، ئەوەش وەک هێمایەک بۆ هەڵمەتی سەربازی.

ڤیتالی گانشێڤ، بەرپرسێکی ناوخۆیی کە لە مۆسکۆ دەستنیشان کراوە، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، کە “شەڕی سەخت” لە نزیک بالاکلیا ڕوویدا، شارۆچکەیەک لە هەرێمی خارکیێڤی ئۆکرانیایە و ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکردووە.

ڕەنگە بە دڵت بن