ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، دەڵێ، ڕەنگە وڵاتەکەی پەنا بۆ وڵاتانی وەک ڕوسیا ببات، ئەگەر ئەمەریکا پەیمانی خۆی جێبەجێ نەکات بۆ ڕادەستکردنی فڕۆکە جەنگیەکانی ئێف-16 بە وڵاتەکەی.
بەشداری تورکیا لە بەرنامەیەکدا بۆ جێگرتنەوەی مەودایەکی فراوانی فڕۆکە جەنگیەکانی ناتۆ ڕاگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 سیستمێکی بەرگری مووشەکی ڕوسی پێشکەوتووی کڕی.
بەڵام کاتێک پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا لە وەڵامی هێرشەکەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پەرەی سەند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە مانگی حوزەیراندا بە ئەردۆغانی ڕاگەیاند، کە پشتگیری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-16ی کەمتر پێشکەوتوو دەکات.
ئەردۆغان بە پەیامنێرانی گوت: ئەمەریکا تاکە فرۆشی فڕۆکەی جەنگی نییە لە جیهاندا و، لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ڕوسیاش دەفرۆشرێت، ئەوان دەتوانن لە شوێنەکانی دیکەوە بیکڕن و ئاماژەیان بۆ ناردووین.
ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە داوای لە پۆتین کردووە نرخی گازی سروشتی کەم بکاتەوە، کە تورکیا لە ڕوسیاوە هاوردەی دەکات.
پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ واشنتن، چەند ساڵێکە بەچەند فایلێک تەنگەتاو بووە، بەهۆی تێکچوونی تۆماری مافی مرۆڤ لە تورکیا، وە هاوکاری ئەمەریکا لەگەڵ کوردی سوریا، کە ئەردۆغان بە تیرۆریست ناویان دەبات.