سەربازێکی کوردی خەڵکی سەڵماس، بە ناوی موحەڕەم ئەشرەفی تەمەن ٢٢ ساڵ، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، لەلایەن فەرماندەکەیەوە کوژرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موحەڕەم ئەشرەفی، سەربازی هێزی ئینتزامی بووە و لە یەکێ لە بنکە نیزامییەکانی شارۆچکەی چایپارەی ئورمیە، سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بووە و، لە کاتێکدا کوژراوە، کە تەنیا ٤٠ ڕۆژی ماوە خزمەتە زۆرەملێیە سەربازییەکەی خۆی تەواو بکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەشرەفی، لەو بارەوە رایگەیاندووە، کە فەرماندەی موحەڕەم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی کێشەی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە، چەند جار لەگەڵ موحەڕەم شەڕی کردووە و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشی لێکردووە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، کە ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەشرەفییان وتووە، کە کوشتنی کوڕەکەیان بە ئەنقەست نەبووە و هەڕەشەیان لێکردوون، نابێ ئەم بابەتە لە میدیاکانەوە بڵاو بێتەوە.
جێگای ئاماژەیە، موحەڕەم ئەشرەفی خەڵکی گوندی حەفتەوانی سەر بە شاری سەڵماسە و، ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمەکەی لەو گوندە بەڕێوە چووە.