کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەقز، بە ناوی ڕزگار محەمەدزادە شەوی یەکشەممە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕزگار محەممەدزادەی تەمەن ٤٠ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری سەقز بووە، سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە ڕزگار کردووە و کوشتوویانە.
هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز، بە ناوی سەعید کەریمی، کە ئەویش خێزاندارە و باوکی منداڵێکە، بریندار بووە.
تەرمی ئەو کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی شاری بانە گوازراوەتەوە و، تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، نزیکەی ٨ کۆڵبەر لە سنووری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.