لە دوای ئەو دۆڕاندنەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەر هێزەکانی ڕوسیا کەوت، مۆسکۆ دەڵێ، کە بەردەوام دەبێت لە لێدانی ئەو شوێنانەی کە پێشتر لە هەرێمی خارکیێڤ کشاوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، کە نزیکەی 250 سەربازی ئۆکرانیان لە کۆباینسک و ئیسیۆمی هەرێمی خارکیێڤ بە هێرشی ئاسمانی کوشتوون.
هەروەها جەختیشی کردەوە کە لێدانی مووشەکی ورد بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەردەوام دەبێت، وە گورزی وردیان لە یەکەکان و یەدەگەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا داوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، کە ئەمڕۆ سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو کە لەماوەی 24 کاتژمێردا، زیاتر لە 20 شارۆچکەیان لە ڕوسەکان سەندۆتەوە و، جەختیانکردەوە کە هێزەکانیان لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیی ناوچەکانیان لە روسەکان پاککردۆتەوە.