دانیمارک: هاوشێوەی بەریتانیا بەنیازە کۆچبەران ڕەوانەی ڕواندا بکات 

دانیمارک هاوشێوەی سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر کۆچبەران، بەرنامەی هاوبەش لەگەڵ ڕواندا لەبارەی گواستنەوەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنێت.

لەگەڵ ئەوەی دانیمارک سیاسەتێکی توندتری لەچاو وڵاتانی ئەسکەندەنافیا لەبارەی کۆچبەران پەیڕەو کردووە و دەکات، ئێستاش کۆپناهانگن وەک لەندەن پلانی هەیە، کە کۆچبەران بۆ وڵاتی سێیەم ڕەوانە بکات، هەرچەندە ئەم سیاسەتە پێچەوانەی یاسای دادگای باڵای ئەوروپایە بۆ مافی مرۆڤ، کە لە دواساتدا گەشتی یەکەمی کۆچبەرانی بەریتانی بۆ ڕواند ڕاگرت.

بەگوێرەی لێکدانەوەکان، سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتی سێیەم ڕەواجێکی باشی هەیە و، ساڵانێکە لەلایەن پارتە سیاسیە جیاجیاکانی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر مێزی گفتگۆکان بە کراوەیی ماوەتەوە.

لەمبارەوە وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک، هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕواندا بۆ ئەم مەبەستە دەستپێکردووە و، پەیماننامەی هاوبەشی لەگەڵ ڕواندا ڕاگەیاندووە، کە ڕێککەوتنی دووقۆڵی لەوبارەوە لە نێوانیاندا واژۆکراوە.

دانیمارک پێش بەریتانیا، لە مانگی شەشی ساڵی 2021دا یاسایەکی پەسەند کردبوو، کە ڕێگە دەدا کۆچبەران لە وڵاتانی دەرەوەی سنووری وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێ بکات و، حکومەتی سۆسیال دیموکرات لەوکاتەدا ڕایگەیاند، کە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند وڵاتێک لە گفتوگۆدایە.

میدیاکانی دانیمارکی ڕایانگەیاند، کە میسر و ئێریتریا و ئەسیۆبیا لەو وڵاتانەن، کە پرۆسەکەیان لەگەڵ باسکراوە، لە ئێستادا دانوستانەکانی ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا، بەشێوەیەکی پراکتیکی کۆتایی هاتووە و، جێبەجێکردنی تەنیا لەسەر کات وەستاوە.

سۆران حەسەن

ڕەنگە بە دڵت بن