ئێران: کچێکی کوردێک لە تاران بە بیانووی پابەنەبوونی بە باڵاپۆشی ئیسلامی دوای دەستگیرکردنی ، گیان لەدستدەدات
ژینا یان مەهسا ئەمینی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 16-09-2022، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا، ئەو کچە کوردەی لەتاران بەبیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی ڕژێمی ئیسلامی دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزی بەرەنگاربوونەوەی باڵاپۆشیی ،تەندروستیی تێک دەچێت ، دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەو کچە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 13-09-2022، لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لەلایەن پۆلیسی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دوای ئەوەی بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گواسترایەوە بەهۆکاری نادیار تەندروستی تێکدەچێت ،دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران گیان لەدەستدەدات
ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستیی تێکچووە. کەسوکاری ژینا ئەمینی دەڵێن، لە نەخۆشخانە پێیان راگەیاندوون، هاوکات جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە.
موژگان ئەمینی، دایکی مەهسا بە میدیاکانی راگەیاندووە، جلوبەرگی کچەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و مانتۆیەکی درێژی لەبەردابووە و لەچکێکی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەرکراوە. دەشڵێت، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ژینا براکەی لەگەڵدا بووە و هێزەکانی پۆلیس لە براکەیان داوە بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەی.
ژینا ئەمینی خەڵکی سەقز و تەمەنی 22 ساڵان بوو، بۆ سەردانی کەسوکاری لەگەڵ خێزانەکەی رۆژێک پێش ئەو رووداوە چووبووە تاران. ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران دەڵێت، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە پەلە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت و جێگری وەزیری ناوخۆ راسپێردراوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت. هەروەها داواکاری گشتیی تاران رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە لەبارەی هۆکاری تێکچوونی تەندروستیی ژینا ئەمینی.
ژمارەیەک رۆژنامەنوسانی ئێرانی لە زاری پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرای تارانەوە بڵاویانکردووەتەوە، مەهسا جەڵتە لێی نەداوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی لە سەری دراوە، کەللەسەری شکاوە و تووشی خوێنبەربوون بووە،دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە