فەلسەفە و ڕێباز و ئایدیای نەتەوەیی

بەختیار زەنگەنە

بۆ ئەوەی بچینە قوڵایی فەلسەفە و ئایدیای نەتەوەیی دەبیت پەیوەندی نیوان نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی شیبکەینەوە تا بزانین ئەم دوو چەمکە چۆن پێکەوە هەڵکشاون و ڕەنگیان لەسەر یەکدی داوەتەوە…

لەو ڕوانگەیەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ( هۆش ) ی مرۆڤە هەڵس و کەوت و گۆڕانەکان ئەنجام دەدات لەنێوان مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی مێژووی پێ ڕۆشن دەکاتەوە و لە هەناویا بیری پیرۆزی نەتەوەیی کورد دائەرێژێ و شکۆفەی پێدەکات.

بیریل پیرۆزی نەتەوەیی کورد پێمان دەڵێت ( کوردایەتی کورد مرۆڤایەتیە )…

دیارە هەموو فەلسەفەیەکی نەتەوەیی سەرچاوەیەکی زانستی و تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی سەلماو و دیار و بەڵگەداری هەیە…

مرۆڤ سەرچاوەی سەرەکی گۆڕانکاری و ڕووداو و بەرەو پێش چونەکانە..

فەلسەفەی نەتەوەییمان لەسەر بنچینەی ( هۆش )ی مرۆڤ کاروانی مێژوو و گۆڕانکاریەکان دەنەخشێنێت…

گەر مرۆڤەکە نەبێت ئەوا مرۆڤایەتی و نەتەوایەتیش نابێت، مرۆڤیش هەڵس و کەوت و گۆڕانەکان بە ( هۆش ) ئەنجام دەدات..

هەر مرۆڤە کە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی لە دەروونیدا جۆش پێ دەدات و میژووی پێ ڕۆشن دەکاتەوە…

نەتەوایەتی دیاردەیەکی گەشەسەندو و کۆکەرەوە و پێکەوە گونجاندنی مرۆڤ و خزمەت بە مرۆڤایەتیە…

مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی دوو دیاردەی هاوجووت و پێکەوە ژیاون و هەر یەک و ئەوی دیکەیان گەشەدار و سەرکەوتوو بەرەو ژوور تردەبەن…

نەتەوایەتی بوونێکی پیرۆز و مەزنی ژیانی مرۆڤ و کۆڵەكەیەکی هەرە پتەوی خزمەت بە مرۆڤایەتیە…

لەو کاتەوەی مرۆڤ قۆناغە سەرەتایی یەکانی پیکهێنانی ژیانی کۆیی تەواو کردووەو پێی ناوەتە قۆناغی شارستانیەوە، جەنگ و بەرگری و پەلامارەکان سەریان هەڵداوە و مل ملانێی نیوان نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیش ڕەنگی داوەتەوە و شکۆفەی کردوە،
ئەم مل ملانێیەش بوەتە بەردی بناغە و بەرهەمی گەشە و پێشکەوتن و پێکهێنانی شارستانی لە گشت ڕوویەکەوە…

لەگەڵ ئەوەشدا کە هەردوو ڕێگای مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی پێکەوە ژیاو و گەشە سەندوون بەڵام تەواو پێکەوە گونجاندنیان و بەیەک ئاراستە بردنیان و سەرخستنیان پێویستی بە هەوڵ و هەنگاوی بەجێ و گونجاو بووە و هەیە ،
هەر بۆیە بە چەندین شێوە و جۆر و ڕێگا هەوڵی پێکەوە گرێدان و لێک نزیک کردنەوە و گونجاندنیان دراوە ئەوانیش لە ڕێگای ڕێبازە ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و ئاینی فیزیک و میتافیزیک و فەلسەفە جۆراو جۆرەکانی ژیانەوە…

کە هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ ڕزگاربوون بووە لە گرێ و ئاڵۆزی ئەم دوو دیاردەیە و یەک پێگرتنیان لە یەک ڕێگای یەک ئاراستەدا…

بوونی مرۆڤ لە ناوەڕۆکیدا بارێکی جووتەیی پێکی دەهێنێت کە ئەویش ( مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی ) یە …

واتا نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی دوو پێکهاتەی جووتەیی پێکەوە گرێدراوی ناو ناخ و ناوەڕۆکی بوونی مرۆڤن کە ئەم دیاردە جووتەیی یەش هاوبیر و ڕێباز و یەکگرتوو تێکەڵ بە یەکدین و هەرگیز دژ و ناڕێک نین…

هەر کاتێک یەکێک لەو دوو دیاردەیە لە ناخی مرۆڤەکەدا وون بوو ئەوا بە دڵنیاییەوە دیاردەی دووهەمیش تیایدا کز و لاواز دەبێت یان بە تەواوی لە دەستی دەدات…

لە کاتێکدا نەتەوەکەت پێویستی بە بیر و بازووی تۆ بێت بۆ ڕزگارکردنی لە دوواکەوتوویی و زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی و چەوساندنەوە پێویستە ئەو ئەرکە فەرامۆش نەکەیت و باز بەسەر بوونی مرۆڤانی نەتەوەکەتدا هەڵ نەدەیت و خۆ لەو ئەرکە پیرۆز و پێویستە نەدزیتەوە ،
چونکە خۆدزینەوە لە ئەرکەکانی خزمەت بە نەتەوە دەبێتە خۆپەرستی و لادان لە نەتەوایەتی،
لادانیش لە نەتەوایەتی لادانە لە خزمەت بە کۆمەڵێکی گەورەی مرۆڤ،
هەر بۆیە لادان لە نەتەوایەتی لادانە لە مرۆڤایەتی…

ئەنجامدانی ئەرکەکانی نەتەوایەتی پێویستیەکی هەرە گرنگی گشت هاونەتەوەیەکە بۆ نەتەوەکەی بە مەرجێک هاو جووتی و گرێبەندی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی لە ڕاستە ڕێی پیرۆزی خۆی لانەدات و دڕندەیی و دەست درێژی و زۆرداری و داگیرکاری چ بەرانبەر نەتەوەکەی خۆی و چ بەرانبەر نەتەوانی دیکە و مرۆڤایەتی بە گشتی ئەنجام نەدات،
چونکە شکۆمەندی نەتەوەکان گرێبەندە بە یەکدیەوە و تا نەتەوەیەک لەسەر ئەم جیهانەدا بە ژێر دەستی و زۆر لێکراوی بمێنێتەوە ئەوا مرۆڤایەتی سەقام گیر و سەرکەوتوو نەبووە و نابێت…

هەر بیر و بۆچونێک بوون و سەربەخۆیی و ئازادی نەتەوە فەرامٶش بکات ئەوا دەبێتە بیر و بۆچونێکی زڕو نەزۆک و هیچ سوودێکیش بە مرۆڤایەتی ناگەیەنێت…

هەر بۆیە دەبێت نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی هەمیشە هاوجووت و پێکەوە ژیاو و یەک ئاراستەبن…

مرۆڤی خاوەن خاک و نەتەوەی داگیرکراو و زۆر لێکراو و چەوساوە زیاتر ویژدانی دەجوڵێت و هەست بە ئازار و نەهامەتی یەکانی ناخی مرۆڤ دەکات و زیاتر چارەنووسی خۆی و نەتەوەکەی بە چارەنووسی سەرجەم نەتەوە و مرۆڤانی جیهان و نەهێشتنی دیاردەی چەوساندنەوە و داگیرکاریەوە دەبەستێتەوە….

( هۆش ) ی مرۆڤ سەرچاوە سەرەکیەکەی گۆڕانکاری و ڕووداوەکانە…
هەر بۆیە لە لای ئێمە هەموو ڕاستیە دیار و بەرجەستەکان مانای خۆیان وەر دەگرن لە جۆر و شێوە و ئاستی تێگەیشتنمان و هۆشیاریمان بۆیان…

هیچ ڕاستی و ڕووداوێکی ئەزەلی و تاهەتایی نیە کە لە خۆیەوە ڕووبدات و وەک خونچەی گوڵێک بگەشێتەوە ، هەر توخمێک لە بوونی مرۆڤدا توخمە و پێویستی بە هۆشیاری هۆشی هەیە تا بەرزی بکاتەوە و سنوری جیهانەکەی داڕێژێت، ئەگەر هۆشیاری مرۆڤەکە نەبێت ئەوا بە داخراوی و نادیاری دەمێنێتەوە ،
لە هەمان کاتدا ئەو توخمە پێویستی بە تاقی کردنەوەیەکی مرۆڤانە هەیە کە بەشەکانی واتە لایەنەکانی کە پێوەی پەیوەستن و نادیار و تاریکن دیار و ڕوون بکاتەوە و ئاشکرای بکات…

گەلێک جار ئەم هۆشیارییە مرۆڤایەتییە شتانێک هەڵدەگرێت کە جیاوازە لە سروشتی خۆی و زۆر جار دەبێتە هۆی لادان لە ڕێچکە و ڕێبازە ڕاستییەکەی کە بێگومان ئەگەر بیەوێت ڕاستیەکان بخاتەوە سەر ڕاستە ڕێگا و خانەی خۆی ،
ئازار و ڕەنج و بەخشینێکی زۆری دەوێت. هەرچەندێک توانای تاقی کردنەوە و لێزانینەکان لە مرۆڤدا سەرکەوتوو و قووڵ ببنەوە و زیاد بکەن ئەوا ئەو کاتە مرۆڤەکە لە ئاکامی هەستکردنی بە بوونی خودی خۆی واتا هەست بە تواناکان و بڕوابەخۆبوونی سەردەکەوێت بە سەر سەرجەم کار و بابەتەکاندا و لە ناتەواویشەوە بەرەو تەواو و سەرکەوتن دەیانبات…

واتە مرۆڤ چەند تاقیکردنەوە و ئاستی هۆشیاری و زانستی زیاتربێت هێندە کار و فەرمانەکانی سەرکەوتوانە تر ئەنجام دەدات،
ئەویش لەکاتێکدا ئەو سەرکەوتنە مسۆگەرتر دەبێت کە مرۆڤەکە بڕوای بە بوونی خۆی زیاتر و قوڵتر و گەشەدارتربێت …

لێرەوە ڕاستیەکانی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی دووچاری ئاڵۆزی ئەو هۆشیارییە دەبن و تێگەیشتنی ئەو ڕاستیانەش پەیوەست یان مل کەچی هەڵکشان و داکشانێکی دوور و درێژی مێژوویی مرۆڤایەتین…

لەسەر ئەم بنچینەیە بۆمان دەر دەکەوێت کە تێگەیشتن لە ڕاستیەکانی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی تاقیکردنەوەیەکی بەردەوام و هەمیشە لە جووڵە و گەشە سەندوو لەخۆی دەگرێ و یەک بەوی دیکەوە گرێبەند و تەواوکەری یەکدین و گۆڕانکاری و نوێکردنەوەی بیر و بۆچونەکان سەبارەتیان هەمیشە لە گۆڕانکاری نوێ و پێشکەوتوو تردان کە ئەم گۆڕانکاریانەش پێویستیەکی هەمیشە بەپێوە و بەکارن…

هەڵەیە ئەگەر لەو بڕوایەدابین کە دیاردەی مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی خۆی لە خۆیدا ڕاستیەکی دیار و ئاشکرا و شتێکی بەڵگە نەویستبێت…

بەوەی کە مرۆڤ مرۆڤبێت و سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراوبێت…

شتە بەڵگە نەویستەکان هەموو کاتێک مێژووی بیر و هۆشیان ئاراستە و بەڕێ نەکردووە،
بەڵکو بیر و هۆشی مرۆڤ هەمو کاتێک پاڵنەر و گەشە پێدەر و داهێنەری دیاردە و ڕاستیەکان بووە و دەبێت…

لێرەوە پێویستە بڕیار بدەین لەوەی کە ( هەموو ڕاستیەک بیناکراوە و هەموو بیرێکیش داڕێژراوە )
بۆیە پێویستە بڵێین کە بیناکردنی ڕاستیەکان خەباتە لە پێناوی گەیشتن بەو ڕاستیانەدا و داڕشتنی بیریش ئازار و ماندوو بونێکی دوور و درێژە لە ڕووبەرووبونەوەی کەم تێ ڕوانینەکان و دژەکان…

بیری نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی خۆی لە خۆیدا بوارێکی دەوڵەمەندە بۆ ئەم تاقیکردنەوە مێژووییە بەوەی کە هەنگاوەکان یەک بە دووای یەکدا ئەنجام دراوون بۆ ڕوون کردنەوەی سەرجەم سیما و بەشەکانی کە لە ئاکامی هەڵکشان و داکشانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بەدەست هاتوون ،
ئەویش بە لە بێژنگ دان و کەوتن و هەستانەوە و سەختە ڕێگا بڕین بۆ گەیشتن بە مەبەستەکان…

مرۆڤ خۆی لە خۆیەوە لە سەرەتای دروستبوونیەوە هیدایەت نەکراوە بۆ بونی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی بەڵکو مرۆڤەکە خۆی بە هەوڵ و تێکۆشانێکی سەخت و دوور و درێژ ئەو جیهانەی نەخشە کێشاوە و گرێبەندی کردوون و پێکەوەی گونجاندون …

ئەوەتا بەردەوام باس و پرسیار لە نرخی ئەم بوون و ڕاستی یە دەکرێت و بیر و بۆچونی جیا جیای بەڕوودا دەکرێتەوە.

ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە کە دەڵێین دیاردەی مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی لە یەک سەرچاوە و تێگەیشتنەوە هەڵ دەقوڵێن کە ئەویش ( هۆش ) ی مرۆڤە و کە هەردوو ئەم دوو دیاردەیە هاوجووت و پێکەوە ژیاون و یەک ئەوی دیکەیان بەرەو ژوور دەبەن و سەری دەخەن …

لە هەمان کاتدا ئەم دوو دیاردەیە زادەی بیر و توانا و هەوڵەکانی مرۆڤن و لە خۆووە و بێ بەڵگە دروست نەبوون بەڵکو مرۆڤ دروستکار و گەشە پێدەری ئەو جیهانەیە و بەردەوامیش سیماکانی ئەو دوو دیاردەیە ڕوو لە گەشە و سەرکەوتنن…

هەر بۆیە نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی پێکەوە ژیاو و گەشە پێدەر و تەواوکاری یەکدین و یەک بێ ئەوی دیکەیان ئامانج ناپێکن…

ئەم کاروانی مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی یەش کاروانێکی نەبڕاوەو ڕوو لە گەشە و سەرکەوتنە….

Ja کاروانی ئێمەی نەتەوەییش کاروانی کوردایەتیە و هەر لەو ڕوانگەیەوە و لەسەر ئەو بنچینانەی باسمان کردن ڕوون دەبێتەوە کە ( کوردایەتی کورد مرۆڤایەتیە ).

ڕەنگە بە دڵت بن