یایر لاپید سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەرەتای کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی ڕۆژی یەکشەممەدا ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەویەکگرتووەکان نوێنەرایەتی ئیسرائیل دەکات و، جەختیشی کردەوە کە لە دوایین هەنگاودا لە ڕووی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەرۆککۆماری تورکیا دەبینێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: سبەینێ دەڕۆمە نیویۆرک بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نوێنەرایەتی ئیسرائیل بکەم.
وتیشی: “لەوێ زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی ئەنجام دەدەم، لەوانە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا و، لیز تراس سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا”.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە، کە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، سەرمایەیەکی گرینگە بۆ سەقامگیری وڵات و، بەڵێنێکی ئابووری زۆر گرینگیشە بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل، بۆیە بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل لە جیهاندا.