شەوی یەکشەممە، ١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکی سنە، سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، فەرانەک ڕەفیعی چالاکوانی ژینگەپارێز و چالاک لە بواری مافەکانی ئافرەتان و، لوتفوڵڵا ئەحمەدی چالاکوانی کرێکاری لە گۆڕەپانی ئیقباڵ دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنی لوتفوڵڵا ئەحمەدی و فەرانەک ڕەفیعی، توندوتیژییان بەکارهێناوە و، دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستونەتەوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە، کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی سنە، نزیکەی ١٠ کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون، کە هەتا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.
لە دووەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سنە، هێزە ئەمنییەکان وێڕای بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ، تەقەیان لە خەڵک کردووە و، نزیکەی ٩ هاووڵاتی بریندار کراون.