ئینێرجۆ ئەتۆم، کۆمپانیای وزەی ناوەکی دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، کارگەی هێزی ناوەکیی Pevdinokrainskیان، لە ناوچەی میکۆلای باشووری ئۆکرانیا بۆردومان کردووە، بەڵام زیانی بەرنەکەوتووە.
ئینێرجۆ ئەتۆم دەڵێ: لە ئێستادا هەر سێ یەکەی هێز لە وێستگەی هێزی ناوەکی PevdinoKrainsk بەشێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن، خۆشبەختانە هیچ بریندارێک لە نێوان کارمەندانی وێستگەکە نەبووە.
دەربارەی هێرشەکە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تەلگرام وتی: داگیرکەران ویستیان جارێکی دیکە تەقە بکەن، بەڵام بیریان چووەوە کە کارگەی هێزی ناوەکی چییە، ڕوسیا هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە، پێویستە پێش ئەوەی درەنگ بێت ئەوە بوەستێنین.
تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی ڕوسی بەرامبەر تۆمەتەکانی ئۆکرانیا نەبووە.
هەرێمی میکولایڤ لەم چەند هەفتەیەی دواییدا لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە هێرشی بەردەوامی مووشەکی کراوەتەسەر.
وێستگەیەکی دیکەی ئەتۆمی ئۆکرانی لە زاپۆریژیا، کە گەورەترینە لە ئەوروپا و دەکەوێتە نزیکی 250 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی میکۆلایڤ، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی بۆردومانی ڕوسیاوە داخرا، ئەمەش ترسی کارەساتی ناوەکی بەرز کردەوە.
مۆسکۆ و کیێڤ یەکتریان تۆمەتبارکردووە بە بۆمبارانکردنی زاپۆریژیا، کە لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە کۆنترۆڵکراوە و، لەلایەن کارمەندانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت، بۆمبارانەکە زیانی بە بیناکان و هێڵە کارەباییەکان گەیاند.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە کۆتایی هەفتەدا ڕایگەیاند، کە یەکێ لە چوار هێڵی سەرەکی وزە لە زاپۆریژیا چاککراوەتەوە.