ئێران: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بەردەوامە 

بۆ چوارەمین ڕۆژ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە سەرجەم شارەکانی ئێران بەردەوامە، لەوانە شارەکانی تاران، ئەسفەهان و مەشهەد.

بەگوێرەی گەواهیدەرەکان و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لە تاران و مەشهەد، ئێوارەی دوێنێ خۆپیشاندانی نوێ ئەنجامدراون و، تێیدا ئیدانەی کۆچی دوایی ژینا ئەمینیان کردووە، کە سەدان کەس لە شەقامی حیجابی ناوەندی پایتەختی ئێران ڕێپێوانیان کرد و، دروشمی دژە دەستەڵاتیان دەوتەوە، زۆرێک لە
ژنان مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی و مەرگ بۆ سەر ولایەی فەقیەیان دەوتەوە.

هەروەها لە شارەکانی کوردستان، وەک مەریوان، سەقز، سنە، بۆکان و دیواندەرە، بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک هاوڵاتی کورژراون بریندار کراون، وە ژمارەیەکی زۆریش لە چالاکوانان دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو، لە شارەکانی سنە و سەقز، لە چەندڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 80 کەس بیندار بوون.

ڕۆژی ڕابردوو، نزیکەی ٣٣ کەس بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون، کە پێنج کەسیان بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز گوازراونەتەوە، پارسا سیحەت ٢٣ ساڵە، نێچیروان مەعرووفی ١٨ ساڵە و، کیان درەخشان لەگەڵ دوو کەسی دیکە، کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە، سەر و چاویان بە چەکی ساچمەیی پێکراوە و ڕەوانەی تەورێز کراون.
هەمان سەرچاوە ڕایانگەیاندووە، کە ١٤ کەسی دیکە لە بریندارکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی سەقز، لە نەخۆشخانەی شیفای ئەو شارە لەژێر چاودێریدان و هێزە ئەمنییەکان وێڕای ئەوەی، کە بریندار بوون لێپرسینەوەیان لێیان کردوون.
هەروەها هەنگاو زانیویەتی، کە ناوەندە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر نەخۆشخانەکان هیچ زانیارییەک لەسەر بریندارەکان و ژمارەیان بڵاونەکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی ڕابردووی سنە، نزیکەی ٥ هاوڵاتی بریندار بوون، کە ٣ کەسیان بە چەکی ساچمەیی بریندار کراون و، دوو کەسیان کە یەکێکیان کچێکی ١٤ ساڵە بووە، بە باتۆم بە سەختی بریندار بوون و لە نەخۆشخانە خەوێندراون، هەروەها لە سەقز نزیکەی ٨ هاوڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە هەتا ئێستا ناسنامەی پێنج کەسیان بە ناوەکانی ئارین مەجیدزادەی تەمەن ١٧ ساڵ، میدیا ڕەحیمی تەمەن ١٧ ساڵ، ئەهوەن هووشمەند، کامیار حەیدەری و، بەهرام دیدار ئاشکرا بووە. هەروەها دەیان چالاکوانی مەدەنی کورد لە شارەکانی سنە و سەقز، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە تەلفۆن هۆشدارییان پێدراوە، کە بەشداری ناڕەزایەتییەکان نەکەن و، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان نەکەن.

جێی ئاماژەیە، ژینا ئەمینی تەمەن 22ساڵ، خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بۆ سەردانی کەسوکاری لەگەڵ خێزانەکەی رۆژێک پێش ئەو رووداوە چووبووە تاران.

موژگان ئەمینی، دایکی ژینا ئەو ڕاپۆرتانەی دەستەڵاتدارانی تاران رەتدەکاتەوە، کە گوایە کچکەیان نەخۆشی لەگەڵ دابووبێت، یا لە تەمەنی 15ساڵی نەشتەگەری مێشکی بۆکرابێت، تەندروستی کچکەی زۆر باش بووە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە، هەروەها لەبارەی جلوبەرگی کچەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و، مانتۆیەکی درێژی لەبەردابووە و لەچکێکی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەرکراوە. دەشڵێت، لەکاتی دەستبەسەرکردنی ژینا، براکەی لەگەڵدا بووە و، بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەی، هێزەکانی پۆلیس لێیانداوە.

هەروەها ژمارەیەک رۆژنامەنووسانی ئێرانی لە زاری پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرای تارانەوە بڵاویانکردووەتەوە، مەهسا جەڵتە لێی نەداوە، بەڵکو بەهۆی ئەشکەنجدان کە لە سەری دراوە، سەری شکاوە و تووشی خوێنبەربوون بووە، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

سۆران حەسەن

ڕەنگە بە دڵت بن