ئەڵمانیا: ژنە داعشێک دادگایی دەکات

بەتۆمەتی توندڕەوی و بەشداریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئافرەتێکی تەمەن 23 ساڵ لەشاری هاڵی ئەڵمانیا دادگایی دەکرێت.

وتەبێژێکی دادگاکە ڕایگەیاند، کە ژووری تاوانەکانی دادگای باڵای ناومبورگی ڕۆژهەڵاتی وڵات، ئەو داوایەی پەسەند کردووە کە لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتیەوە دەستی پێکراوە، سەبارەت بەو ئافرەتە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دادگاییکردنەکە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە ناوەندی دادوەریی شاری هاڵ و بە نهێنی دەست پێدەکات، چونکە تۆمەتبارەکە لە هەندێ کاتی تاواندا تاوانباری لاوەکی بووە.

ئەو خانمە تەمەن 23 ساڵە، تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە میلیشیا تیرۆریستییەکانی داعش و، گومان دەکرێت لە ساڵی 2014، کە خوێندکاری پۆلی دەیەم بووە لە قوتابخانەیەکی ناوەندیدا، بڕیاریداوە بچێتە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە سەرەتا گەشتی بۆ تورکیا کردووە و، لەوێوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش لە سوریا رۆیشتووە، لەگەڵ تیرۆریستێکی داعشی ئەڵمانی بە ڕەگەز تونسی هاوسەرگیری کردووە و، سێ منداڵی هەبووە، بە وتەی وتەبێژەکە، تۆمەتبارەکە دوو ڕەگەزنامە هەیە کە ئەڵمانیش دەگرێتەوە.

ژنەکە و منداڵەکانی لە مانگی ئاداری ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی نووسینگەی پۆلیسی تاوانەکانی فیدراڵییەوە گەڕێندراونەتەوە ئەڵمانیا، لەکاتی گەیشتنیان دەستگیرکراون.

جێی باسە، ئافرەتێکی دیکەش بەم دواییانە لە دادگایەکی هاوشێوەدا لە هاڵی سزای دوو ساڵ دەستگیرکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕەنگە بە دڵت بن