ڕیفراندۆم ڕۆژە مێژوویەکەی گەلی کورد

علی جمال

بە شانازییەوە یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەینەوە، کە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە لە 25ـی ئەیلوولی 2017 ئەنجام درا، رۆژێکی نیشتمانیی شکۆدارە و شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بە بەڵێ، دەنگیان بۆ سەرکەوتنی دا.
سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەشداربوون لە سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و دروود بۆ گیانی شەهیدانی کاروانی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.
پێنج ساڵ پێش ئێسته‌ له‌ رۆژێكی وه‌كو ئه‌مرۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان، چونه‌‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌ ده‌نگی به‌ڵێ ده‌نگیان به‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی دا

ڕیفراندۆم بە یەکێک لەو پێوەرانە دادەنرێ، کە بازنەی دەرکردنی بڕیار لە لایەن خەڵکەوە فراوانتر دەکات و، دەرفەتی بەشداریی زیاتر لە بڕیاردان بە خەڵک دەبەخشێ. ڕیفراندۆم واتە گەڕانەوە بۆ گەل بۆ دەرکردنی بڕیار، بۆ ئەوەی گەل لەم ڕێگه‌یەوە بەشداری لە دەرکردنی هەر بڕیارێکی گرنگ و چارەنووسسازدا بکات. لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا، ناکرێ ڕا و بۆچوونی گەل لە بابەتە گرنگەکان پشتگوێ بخرێت، چونکە بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لە لای گەلە؛ بەو پێیەی بە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکان دادەنرێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕیفراندۆم یەکێکە لە هێماکانی دیموکراسیی نیمچەڕاستەوخۆ و، بە تێکەڵەیەک لە دیموکراسیی نوێنەرایەتی و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ دادەنرێ. هەرچەندە ڕیفراندۆم نیشانەی گرنگیدانە بە بۆچوونی گەل، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربوونی ژمارەی ڕیفراندۆم، خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی نەرێنییە و، نیشانەی لاوازیی سیاسییە و، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەقامگیریی سیاسی هەیە. ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی دارایییەوە خەرجییەکی زۆری تێ دەچێ و، کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی هەیە و، وا دەکات هاووڵاتیان لە ژینگەیەکی سیاسیی نادڵنیا و نامتمانەدا بژین.
ڕیفراندۆم، بە واتای خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گەل دێت (بەو سیفەتەی خاوەن سەروەرییە)، هەتا بۆچوونەکەی بە ڕەزامەندی، یان ڕەتکردنەوە لە بابەتێکی یاسایی، دەستووری، یان سیاسی بزانرێت. ئەمەیش بە ئاراستەکردنی پرسیارێکی دیاریکراو دێت، کە خەڵک بە ئەرێنی یان نەرێنیی وەڵامی دەدەنەوە. ڕیفراندۆم ئەو مافە بە هاووڵاتیان دەدات بۆ خۆیان بڕیار لەسەر هەندێ بابەت بدەن و یەکلایی بکەنەوە؛ هەتا نوێنەرانی گەل بڕیاردان لەسەر هەموو بابەتەکان بۆ خۆیان پاوان نەکەن. ئەمەیش بە یەکێک لە شێوازەکانی بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە حوکمڕانیدا دادەنرێ، کە گەل بۆ خۆی بڕیار دەدات.

زاراوەی ڕیفراندۆم لە وشەی لاتینیی (Referendum)، (بە واتای ئەو شتەی کە پێویستە بۆی بگەڕێیتەوە) وەرگیراوە. ڕیفراندۆم لە یۆنانی کۆندا باو بووە و، خەڵکی ئەو وڵاتە ماوه‌ به‌ ماوە لە شوێنێک کۆ دەبوونەوە و، بڕیاریان لەسەر یاسا و ڕێساکانی وڵات دەدا. بەڵام لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخدا، بۆ یەکەمجار لە دەستووری ٢٩ی ئایاری ١٨٧٤ی سویسرا باس لە ڕیفراندۆمی یاسادانان کراوە. ڕیفراندۆم لە ڕووی بابەتەوە بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبێت: دەستووری، یاسایی و سیاسی. هەروا لە ڕووی پێویستیی جێبەجێکردنی، بۆ سەر دوو جۆری ناچاری و ئارەزوومەندانە دابەش دەبێت. لە ڕووی هێزی پابەندبوونەوە، بۆ سەر دوو جۆری “مولزەم” و ڕاوێژکاری پۆلێن دەکرێت

ئەوەی گرنگ و مێژووی بوو بۆ گەلی کورد ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو کە وەچەرخانێک بوو بۆ مێژووی ئەم گەلە ستەم دیدە تاکو لەم ڕێگایەوە بگات بە ئاواتەی کە دەوڵەتی خۆی هەبێت لە زوڵم و ستمەی دوژمنەکانی ئاهێک بدات کە چەندین ساڵە بەهەموو جۆرێک دژایەتی دەکرێت ٠

ڕەنگە بە دڵت بن