هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی عەبدولسەلام قادر گەڵوان، ناسراو بە عەبدولسەلام گەڵوانی، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و لەو شارە بریندار کرا و، بۆ یەکێ لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گوازرابووەوە، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەبدولسەلام قادر گەڵوان، سەر لە ئێواری ڕۆژی چوارشەممە، رێککەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان، لە شاری شنۆ کە لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکرا و بە سەختی بریندار کرابوو، هەر ئەو شەوە عەبدولسەلام بە هۆکاری سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە گوازراوەتەوە.
شایانی باسە کە هەمان شەو، سێ لاوی تری شاری شنۆ، بە ناوەکانی ئەمین مەعڕفەت، میلان حەقیقی، تەمەن ٢١ ساڵ و سەدرەدین لێتانی، تەمەن ٢٧ ساڵ لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا.