چەکدارێک تەقە لە قوتابخانەیەکی ناوەندی دەکات و 13 کوژراوی لێ کەوتەوە

لە هێرشێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕوسەکانی هەژاند، چەکدارێک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک لە ناوەندی شاری ئیزهێڤسک و، بە بێ جیاوازی تەقەی کرد و بەلانیکەمەوە 13 کەسی کوشت و، دواتریش خۆی کوشت.

لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕوسیا دەڵێ، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە لەو تاوانەدا 13 کەس کوژراون، 6 کەسیان پێگەیشتوون و، حەوت لاویشیان تێدایە، هاوکات 14 منداڵ و 7 گەنجیش برینداربوون.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێشتر وەزارەتی ناوخۆ لە لێدوانێکیدا لەسەر هەژماری تەلیگرامەکەی ڕایگەیاندبوو، کە 9 کەس بە 5 منداڵ کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

دواتر رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ئەو چەکدارەکە خۆی کوشتووە.

ئەلێکساندەر بریشالۆڤ، پارێزگاری ناوچەی ئودمورتیا کە پایتەختی ئێزهێڤسکە، ڕایگەیاند، کە کەسێکی نەناسراو چووەتە ناو قوتابخانەکەوە و، یەکێ لە کارمەندە ئەمنییەکانی ئامادەبووی ئەو شوێنەی کوشتووە، ژمارەیەک کوژراو و برینداری لەنێو خوێندکاراندا پشتڕاستکردەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.

ئەم جۆرە ڕووداوانە زۆر بەدەگمەن لەو وڵاتەدا دەبینرێن، بەڵام هێرشەکەی ئەمڕۆ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، کە چەکدارێکی دیکە هەڵیکوتایە سەر ناوەندێکی حەشدی سەربازی لە سیبریا و، بە سەختی ئەفسەرێکی بریندارکردبوو.

هەرچۆنێک بێت هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی، بێگومان هەڵگری تێبینی سیاسی و ناڕەزاییە لەسەر بڕیاری سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پۆتین، بۆ ڕاگەیاندنی حەشدی سەربازی.

ڕەنگە بە دڵت بن