گەڕان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون لە ئەڵمانیا بۆ پەنابەران ئاسان نییە، ئەوەش بەهۆی بەرکەوتنی هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانە، هەندێ لە توێژینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە سێیەکی پەنابەران لەکاتی گەڕان بەدوای شوقەیەکدا بەهۆی ڕەگەز پەرستییەوە نەیاندراوەتێ.
بەرپرسێکی نووسینگەی دژە جیاکاری حکومەتی ئەڵمانیا لەکاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر بازاڕی خانووبەرە، ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە بەهۆی هەڵوێستی رەگەزپەرستییەوە، شوقە و خانو کەمتر دەدرێتە پەنابەران.
لە ئەڵمانیا هەشت کەس لە دە کەسدا واتە (83٪) پێیانوایە ڕەگەزپەرستی دیاردەیەکی باوە لە کاتی گەڕان بەدوای خانووبەرەدا، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێک لە خەڵکانی پەنابەر وەرگیراوە، نۆ لە دە (87٪) باوەڕیان وایە کە ئەمە ڕاستە و ئێستاش ڕوو دەدات.
ئەمەش بەو مانایە دێت، کە بازاڕی خانووبەرە بۆتە شوێنێک،جیاکاری لەسەر بنەمای بنچینەیی و نەژادی گەشەی کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی مهاجیر نیوز، ئەلیاس حوسێنی خەڵکی شاری هەراتی باکووری ڕۆژئاوای ئەفغانستانە و پەنابەرە لە ئەڵمانیا، ماوەی دە مانگە بەدوای شوقەیەکدا دەگەڕێت و دەستی نەکەوتووە، حوسەینی دوای ئەوەی تاڵیبان دەستەڵاتی گرتەدەست، دەستبەجێ لە ئەفغانستان هەڵات، ئەو بە شێوەیەکی موعجیزە لە هێرشە خۆکوژیەکەی فڕۆکەخانەی کابول رزگاری بووە، کە لە کۆتایی مانگی ئابی 2021دا دەیان کوژراوی لێکەوتەوە.
ئەو لە پاکستان و بەهاوکاری کونسوڵخانەی ئەڵمانیا، ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ ژن و دوو کچەکەی گەیشتۆتە ئەڵمانیا، خێزانەکەی لەو کاتەوە لە ناوەندی پێشوازیکردن لە کۆڵن دەژین و تا ئێستا شوقەیان دەست نەکەوتووە. وەکخۆی وتوویەتی، داواکاری پەنابەرییان جێبەجێ کراوە، تاکە کێشە کە ئێستا ڕووبەڕووی دەبنەوە دۆزینەوەی خانووبەرەیە.
ئەو پەنابەرە ئەفغانییە، وتیشی: “هەموو جارێک تەلەفۆن بۆ خاوەن موڵکەکان دەکەم، وەڵامێکی نەرێنیم دەست دەکەوێت، من پەیوەندیم بە زۆرێک لەوانەوە کردووە، هەندێکیش وەڵامیان نەداومەتەوە چونکە من بێگانەم”.