ئیتالیا: تەرمی پێنج کۆچبەر دەدۆزرێنەوە

دەستەڵاتدارانی ئیتاڵیا، لاشەی پێنج کۆچبەریان لە کەناراوەکانی ساردینیا دۆزیوەتەوە، کە پێدەچێت سەر بەو کۆچبەرانە بن، کە پاش نقومبوونی بەلەمەکەیان لە دەریای سپی ناوەڕاستدا خنکابن.

دەستەڵاتدارانی ئیتاڵیا، رایانگەیاند، کە لاشەی پێنج کۆچبەری خنکاویان لە دووری دوو میل لە ئیسۆلا ڕۆسای ناوچەی کابۆ تێولادای باشووری ساردینیا دۆزیوەتەوە، میدیاکانی ئیتالیا بڵاویان کردەوە، کە هەلیکۆپتەرەکانی پاسەوانی کەناراوەکان، تەرمی ئەو کۆچبەرانەیان بینیووە کە خنکاون، ئەوەش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کەناری باشووری ساردینیا نقومبووە.

دەستەڵاتداران تەرمی ئەو کۆچبەرانەیان گواستۆتەوە، کە تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵدایە بۆ بەندەری کالیاری و، پاشان بۆ گۆڕستانی سان میشێل، لێکۆڵینەوەیەک لەڕووداوەکە کراوە بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدرێت.

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ساردینیا زیادی کردووە، بەتایبەتی لەم چەند هەفتەیەی دواییدا، لەنێوان هەینی و 26ی ئاب و یەکشەممە 28ی ئابدا، دەستەڵاتداران، گەیشتنی 216 کۆچبەریان تۆمار کرد.

بەگوێرەی ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی (IOM)، لە سەرەتای ساڵەوە، زیاتر لە 50 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتالیا، لە کاتێکدا کە بەلایەنی کەمەوە 918 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە خنکاون.

ڕەنگە بە دڵت بن