بەرەبەیانی ئەمڕۆ زەمین لەرزەیەک ناوچەی سافلە باشووری ڕۆژئاوای سویدی هەژاند، ئەوەش بە گەورەترین زەمین لەرزە دادەنرێ لەو وڵاتەدا بۆ ئەمساڵ.
پسپۆڕی بومەلەرزە لە زانکۆی ئۆپسالا، بجۆرن لوند گوتی: “لە دووری شەست بۆ حەفتا کیلۆمەتر خەڵکی هەستیان بە لەرزین کردووە”.
لە کاتژمێر 04.34 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، لە 11 کیلۆمەتر لە باشووری سافلەوە، لەرزینەکە ڕوویداوە، لوند وتی: “لەرزینەکە نزیک کەنار دەریای نێوان ئومال و سافلە روویداوە و بە ٣ پلەی ڕێختەر بووە”.
لوند ئەوەشی وت: “ئەمە گەورەترین لەرزینە، لەچاو پێشوو، کە پێشتر 2.9 و 2.7 لەرزینمان هەبوو”.
لەرزینەکە وەک تەقینەوەیەکی گەورە وابووە و خەڵکی سافلە و ئۆمۆل هەستیان پێکردووە، بەڵام مەترسی لەسەر بیناکان نەبووە، کاتێ لەرزینەکە بگاتە 4.5، ئەوە مەترسی دروست دەکات.