لاپه‌ڕه‌یه‌كی گه‌شی سلێمانی له‌ خۆشه‌ویستیی بارزانیدا

‌ ‌ ‌ هۆڵەندا.. ئاشتی گەرمیانی

وا بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ تێده‌په‌ڕێت، هاوڕێی نووسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی قه‌ڵه‌م، كاك زانیار سه‌ردار قڕگه‌یی، له ‌نزیكه‌وه‌ ده‌ناسم، له‌ ٤ی٤ی٢٠١٩ له‌ یادی ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)دا، كتێبی (كه‌سایه‌تیی مسته‌فا بارزانی له‌ هزرى رووناكبیرانى شارى سلێمانیدا)ی پێشكه‌ش كردم. له‌كاتێكدا كاك زانیار قڕگه‌یی دڵسۆز و شه‌یدای ڕۆڵی نه‌ته‌وایه‌تییه‌، كه‌ بە زۆر له‌ كار و چالاكییه‌كانی ئاشنام و وای ده‌بینم، خه‌مخۆری ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی كوردی بووه‌ و له‌پاڵ چالاكی و كاره‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیدا، هه‌رده‌م شه‌یدای ئه‌و پیشه‌ مرۆڤایه‌تییه‌یه‌، كه‌ كاری پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی له‌ قه‌ڵه‌م و نووسین و مێژووی نووسه‌ران و ڕۆشنبیراندا بدۆزێته‌وه‌ .
كتێبی (كه‌سایه‌تیی مسته‌فا بارزانی له‌ هزری ڕووناكبیرانی شاری سلێمانیدا) كه‌ بریتییه‌ له‌ قه‌باره‌ی ٤٠ سم به‌ ٢٢ سم و له‌ ٨٩٦ لاپه‌ڕه‌دایه‌، به‌ شێوه‌ و دیزاینێكی ڕێكوپێك ڕێك خراوه‌، هاوڕێی دێرینم كاك شكار نه‌قشبه‌ندی نه‌خشه‌ى به‌رگى بۆ ئاماده‌ی كردووه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٨ له‌ چاپ دراوه‌ .
نووسه‌ر زانیار قڕگه‌یی، ماوه‌ی هەشت ساڵ به‌ پچڕپچڕی كاری له‌م په‌رتووكه‌دا كردووه‌. له‌ ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات) و هەفتەنامه‌ی (باس) و گۆڤاری (گوڵان) و گۆڤاری (ده‌نگی پێشمه‌رگه) به‌ زنجیره‌ به‌شێكى زۆری لێ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ .
زۆر له‌ كه‌سایه‌تی و پسپۆڕ و شاره‌زای مێژوویی و ئه‌كادیمییه‌كان و رووناكبیران و كه‌سایه‌تیی سه‌ربازی و ڕۆشنبیران و نووسه‌رانى شاری سلێمانی، سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی بارزانی و بارزانییه‌كان و خه‌بات و تێكۆشانیان لێدوانیان داوه‌، زۆر له‌ به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنت و ئه‌رشیفی نامه‌یی هه‌یه‌ بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌شێكی له‌م چاپكراوه‌دا خراونه‌ته‌ ڕوو .
زانیار قڕگه‌یی وه‌كوو نووسه‌رێكی ده‌روێش و پێشمه‌رگانه‌، وێڵ و گه‌ڕیده‌ بووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی وردەكاریی خەباتی ئه‌و نه‌مره‌ و خانه‌واده‌ و ژیان و گوزه‌رانیان و بۆ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ى مێژووی گه‌له‌كه‌مان، چ له‌ به‌سه‌رهات و چ له‌ كۆچكردن و ده‌ربه‌ده‌رییان و شۆڕشگێڕییان، كه‌ زۆر لاپه‌ڕه‌ی شاراوه‌ هه‌ن له‌ ژیانی ئه‌و سه‌ركرده‌ نه‌مره‌، نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رچاوی خوێنده‌واران و زۆر به‌سه‌رهات و ڕووداو هه‌بوون له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌م كتێبه‌ چاپكراوه‌دا، كه‌ به‌ناوى (كه‌سایه‌تیی مسته‌فا بارزانی له‌ هزری ڕووناكبیرانی شاری سلێمانیدا)یە، زانیار ده‌ستی بۆ بردوون و بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌ و له‌ فه‌وتان و له‌ناوچوون رزگاری كردوون، كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی به‌رزی داهێنه‌رانه‌یه‌ و نیشانه‌ی خه‌مخۆری و پەرۆشییه‌تی بۆ مێژووی گه‌له‌كه‌مان .
گه‌ڕان و به‌دواداچوون بۆ ڕاستیی ڕووداوه‌كان و مێژووی سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌مرى وه‌ك مسته‌فا بارزانی، ئه‌وه‌نده‌ ئاسان و ساكار نییه‌، به‌ڵكوو زۆر ماندووبوون و زه‌حمه‌تی و كاری جدیی ده‌وێت و ده‌بێ بچێته‌ نێو ڕیشه‌ی هه‌موو ڕووداوه‌كانه‌وه‌ و زۆر له‌و شایه‌تحاڵانه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هه‌ر ڕووداوێك بێت له‌ ژیاندا نه‌ماون و ڕووحیان شاد بێت .
پێشمه‌رگه‌ نووسه‌ره‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌، كاكه‌ زانیار، له‌ ساڵانی ٢٠٠٣وه‌، وه‌ك یه‌كه‌م وێستگه‌ی پرۆژه‌كه‌ی، به ‌سه‌ردانێك خۆی گه‌یاندووه‌ته‌ لای مامۆستای گه‌وره‌مان گه‌ڕیده‌ و جوگرافیاناس (كه‌ریم زه‌ند) له‌ شاری سلێمانی، بۆ گفتوگۆ و به‌دواچوون له‌سه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌مری كوردستان (مسته‌فا بارزانی)، كه‌ لاى زۆر له‌ كوردپه‌وه‌ران و كوردانی به‌هه‌ڵوێست، به‌ باوكی ڕۆحیی میلله‌تی كورد ده‌ناسرێت .
ئا لێره‌وه‌ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك به‌ روویدا ده‌كرێته‌وه‌ و نووسه‌ر په‌نای بۆ كه‌سایه‌تییه‌ رووناكبیر و ڕۆشنبیر و مێژوونووسه‌ به‌سه‌لیقه‌ و بێلایه‌نه‌كانی به‌ده‌ر له‌ حزبدا بردووه‌، تا ڕاده‌یه‌ك كه‌سایه‌تیی بێلایه‌نى دواندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جوانتر و پاراوتر باسی ژیان و مێژووی بارزانی و بارزانییه‌كان و هه‌ڵوێستی كوردپه‌روه‌رییان و خه‌بات و شۆڕشگێڕییان بكات و به‌ بایه‌خه‌وه‌ لێی بڕوانرێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر بارزانی، له‌ روانگه‌ى شاری سلێمانیی خۆشه‌ویسته‌وه‌، كه‌ لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه،‌ كه‌ له‌م شاره‌دا ژیانیان گوزه‌راندووه‌. چونكه‌ ژیانێك له‌و شاره‌دا ژیاوه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ دڵسۆزانی شاری سلێمانی خزمه‌تی ئه‌و مرۆڤه‌ پایه‌بەرزه‌یان كردووه‌ و رێزێكی زۆریان لێ ناوه‌ و دۆستایه‌تییه‌كی دێرینیان پێكه‌وه‌ هه‌بووه‌ و كوردایه‌تى ئاوێته‌ی رۆح و جه‌سته‌یان بووه‌ .
ده‌رخسته‌ی كتێبه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ ٨٩٦ لاپه‌ڕه‌، له‌ دوو لێكۆڵینه‌وه‌ و له‌ سێ به‌شى گرنگ پێكهاتووه‌: به‌شی یه‌كه‌می دید و بۆچوون و به‌ڵگه‌ شاراوه‌كان، له‌ زمانی نووسه‌ر و پسپۆر و شاره‌زا و ئه‌كادیمی و پیاوماقووڵ و رۆشنبیران، له‌سه‌ر ژیانی بارزانی له‌و شاره‌ و چۆنیه‌تیی ده‌ربازبوونی له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌ری بارزان، كه‌ به‌ دیدار و گفتوگۆكان نووسراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێكی دیكه‌ شیعره‌كانن، كه‌ چه‌پكێ شیعر و سۆزی سلێمانیین بۆ بارزانیی نه‌مر.
به‌شێكی دیكه‌ نامه‌ و دیكۆمێنته‌كانن، كه‌ نووسراو و ده‌ستنووس و وێنه‌ و دیكۆمێنتاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و دواتریش له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگ و بایه‌خدارن و كه‌لێنێك بۆ مێژوو پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ .
بێگومان بەشیكی بەرچاو لە شكۆداریی شاری سلێمانی له‌و ڕۆژه‌دایه‌ كه‌ بارزانیی نه‌مر له‌ 23ی 10ی 1958 سه‌ردانی ده‌كات و تێیدا ده‌ڵێت (سوپاسگوزاری و سڵاوی گه‌رمم بۆ هه‌موو دانیشتوانی به‌ڕێزی شاری سلێمانیی خۆشه‌ویستمان هه‌یه‌، به‌ گه‌وره‌ و بچووك و ژن و پیاویانه‌وه‌) .
زۆر له‌ شاعیرانی شاری سلێمانی، توانیویانه‌ شیعری به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕی له‌سه‌ر بارزانیی نه‌مر و شۆڕشه‌كه‌ی بڵاو بكه‌نه‌وه‌ و زۆر نووسینیش ته‌مه‌ن و ڕۆژگار ڕێگایان نه‌داوه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان، به‌ڵام له‌م كتێبه‌ مێژووییه‌دا (كه‌سایه‌تیی مسته‌فا بارزانی له‌ هزرى رووناكبیرانی شارى سلێمانیدا) به‌رچاومان ده‌كه‌ون .
من دید و هزرم بۆ به‌رهه‌مه‌ به‌نرخه‌كه‌ی كاك زانیار قڕگه‌یی نووسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی قه‌ڵه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌زانم چه‌ند به‌ دڵسۆزی و گه‌رموگوڕی، تواناكانی له‌م به‌رهه‌مه‌دا خستووه‌ته‌ گه‌ڕ و شه‌و و ڕۆژی بۆ خستووه‌ته‌ سه‌ر یه‌ك، له‌كاتێكدا مرۆڤ ده‌توانێت زۆر به‌ئاسانی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو كاره‌ساتانه‌دا گوزه‌ر بكات و تێ بپه‌ڕێت. وه‌كوو ده‌ڵێن (سووك به‌سه‌ر مێژووه‌كدا بڕۆ.. ئه‌وه‌ دیرۆكی باووباپیرانه‌). نووسه‌ر هه‌ر وای كردووه‌، زۆر له‌سه‌رخۆ توانیویه‌تی ده‌ست بۆ هه‌موو ئازاره‌كان ببات و بیره‌وه‌ری و لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌كانى خستووته‌ روو .
زۆر به‌ تێڕوانینێكی قووڵه‌وه‌، توانیویەتی كه‌سایه‌تییه‌ مێژووییه‌كانی شاری سلێمانی و كوردستان ده‌ستنیشان بكات و بیاندوێنێ، تاوه‌كوو بتوانێت ئه‌و مێژووه‌ له‌نێو هه‌موو كون و قوژبنێكی تاریكدا ده‌ربهێنێ و به‌رچاوی ئێمه‌ ڕووناك بكاته‌وه‌. ماندووێتی و شه‌ونخوونی له‌وه‌دا ده‌بینم، كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو تاشه‌به‌رده‌كاندا ڕۆیشتووه‌ و بنی هه‌ر به‌رد و مێژووی باووباپیرانی، به‌تایبه‌ت هی ئه‌و شاره‌ى هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، تاوه‌كوو بتوانێت چ له‌ مێژووی به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌كان و چ له‌ دیدار و گفتوگۆكان، یان كه‌سایه‌تییه‌كان و لێدوانه‌كانیان، له‌ به‌شێكی شیعر و هه‌ڵبه‌ست و ڕازاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی بارزانی ڕۆشن بكاته‌وه‌ .
له‌ به‌شی نامه‌كانیشدا، ئه‌و وێنه‌ و به‌ڵگانه‌ شایه‌تحاڵی ئه‌و سه‌رده‌م و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانن .
پێشمه‌رگه‌ و قه‌ڵه‌م هێمایه‌كی به‌رزه‌ بۆ مرۆڤ، به‌تایبه‌تی كاك زانیار سه‌ردار قڕگه‌یی، كه‌ ماندووبوون و شه‌ونخوونییه‌كه‌ی له‌بیر ناكه‌ین، كارێكی باشی كردووه‌ و له‌م به‌رهه‌مه‌ دانسقه‌یه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ .
له‌ كۆتاییدا ده‌ستخۆشی و ماندوونه‌بوونی لێ ده‌كه‌ین و هیوای به‌رهه‌م و كاری دیكه‌ی بۆ ده‌خوازین .

ڕەنگە بە دڵت بن