حسێن سەفامەنشی هونەرمەندی دیاری خەڵکی کرماشان، دوای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هاوکاری و کارکردنی لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی و، هەروەها دەنگ و ڕەنگی ئەو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، دەستگیرکرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری تاران، هونەرمەند حسێن سەفامانەشی بانگکردووە و، پاشان دەستگیریان کردووە، تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو نادیارە.
ئەم هونەرمەندە لاو و خۆشناوە، بە تەلەفۆن و لەڕێگەی پەیوەندی بە کچە ١٥ ساڵانەکەی، لە هەواڵی دەستگیرکرانی ئاگاداری کردوونەتەوە.
حسێن سەفامەنش، لەکاتێکدا دەستگیرکراوە، کە ماوەکانی پێشتر لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، ڕایگەیاند کە کۆنسێرتەکەی لە شاری هەولێر، سەرەڕای فرۆشتنی هەموو بلیتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەم هونەرمەندە، لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت: “تەواوی هاوکارییەکانم لەگەڵ وەزارەتی ئیرشاد و فەرهەنگ و هەروەها ناوەندی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕادەگرم و، چی دیکە لەگەڵیان کار ناکەم”.
جێی باسە، سەفامەنش، لە درێژەی قسەکانیدا گوتبووی: “خۆم بە هونەرمەند نازانم، بەڵام دەزانم ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە، کە لە کاتە مێژووییەکاندا لە پاڵ خەڵکدا بێت، نەک ڕووبەڕوویان، من حسێن سەفامەنش ،ئەوە ڕادەگەیەنم، کە هەتا کاتێ خەڵک لەسەر شەقام بن، سەکۆی کۆنسێرتەکانی منیش سەر شەقامەکانە نەک تەلاری وەحدەت، یاخود بورجی میلاد، من لەگەڵ ئێوەم”.