سویسرا: سەرکۆنەی توندوتیژی و ڕەفتارەکانی ئێران دژی بە خۆپیشاندەران دەکات 

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا داوای لە حکومەتی ئێران کردووە، کە مافی ئازادی ڕادەربڕینی ئێرانییەکان بپارێزێت، ئەمەش پاش هەڵمەتێکی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران هات، کە لەدوای کوشتنی کچە گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی 22ساڵ لە بنکەیەکی پۆلیسی تاران و لە ناوەڕاستی مانگی نۆ ڕوویدا.

سایتی سویس ئینفۆ بڵاویکردەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، لە تویتێکدا سەرکۆنەی توندتیژی و رەفتارەکانی پۆلیسی ئێران دژی خۆپیشاندەران دەکات و، نیگەرانی لە ژمارەی زۆری قوربانیانی خۆپیشاندەران دەربڕیوە.

لەوبارەوە سویسرا داوای لە حکومەتی ئێران کردووە، کە دوور بکەونەوە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و، مافی ئێرانییەکان لە ئازادی ڕادەربڕین و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزێ و ئازادیان بکا.

ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی بەناو ڕەوشت لە تارانی پایتەختی ئێران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و، دواتر فراون بوو و شارەکانی تری ئێرانی گرتەوە، داوای ئاشکرادنی تاوانبارانی کوشتنی ژینا ئەمینی و، نەمانی سیستمی بەزۆر سەپێندراوی حیجاب و ئازادییەکانیان دەکرد، لەونێوەندەدا لە بەرامبەر گوێنەگرتن بۆ داخوازییەکانی هاوڵاتیان، ڕژێمی ئێران بە هێزێکی زۆر و بەکارهێنانی توندوتیژی و دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی دەستپێکرد، بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بوونە قوربانی، کەبەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پتر لە 92 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ڕژێمی کۆماری ئیسلامی سەرکێش و ڕەفتارەکانی دژی بەگەلی کورد لە ناوخۆش نەوەستاوە و، بۆردومانی کەمپی کوردانی ڕۆژهەڵاتیان لە باشووری کوردستان کرد، کە بەوهۆیەوە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە.

س/ح

ڕەنگە بە دڵت بن