بە فەرمانی دادگا حکومەتی هۆڵەندا ناچار کرا کە مەرجی وەرگرتنی پەنابەران باشتر بکات 

دادگایەکی هۆڵەندا فەرمانی بە حکومەت کردووە، کە دەستبەجێ ڕەوشی پێشوازیکردن لە پەنابەران باشتر بکات و، باسی لەوەش کردووە کە ئەو مەرجانەی ئێستا، ستانداردی نێودەوڵەتییان نییە، هەروەها دادگا داوای لە دەوڵەت کرد کە بە زووترین کات پەناگە بۆ پەنابەران دابین بکات.

لە هاویندا، ئەنجومەنی پەنابەرانی هۆڵەندا، دۆسیەیەکی دادگای دژی حکومەت تۆمارکرد، ئەوەش لەسەر مەرجەکانی وەرگرتنی پەنابەران، دادگا بڕیاری دا کە مەرجەکانی وەرگرتنی پەناخوازان لە هۆڵەندا بەستاندارەکانی نێودەوڵەتی بگات.

لە بڕیارەکەی دادگای هەرێمی لاهای (ڕۆژئاوا)دا هاتووە، کە دەبێت دەوڵەت بە ناچاری پێشوازی لە پەناخوازان بە شکۆ و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بکات.

مەرجەکانی پێشوازیکردن نامرۆڤانەیە

ناوەندی تێر ئابێلی نزیک شاری گرۆنینگن (باکوور)، ناوەندی سەرەکی پێشوازی لە هۆڵەندا بوو، قەرەباڵغییەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 700 کەس لە دەرەوە بخەون. لە کۆتایی مانگی ئابدا منداڵێکی ساوای سێ مانگ لە هۆڵی وەرزشی ناو سەنتەرەکە گیانی لە دەستدا، (تا ئێستا هۆکاری مردنەکە ڕانەگەیەندراوە)، ئەوەش سەرنجی رێکخراوە مرۆییەکانی راکێشا لەسەر بارودۆخی پێشوازیکردن لەو کەمپە.

دڵنیابوون لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان

بەپێی حوکمەکە، دەوڵەت پێویستە هەر بیانییەک کە ببێتە ناوەندەکانی پێشوازیکردن دابین بکات بە شوێنێکی داپۆشراو و، سەلامەتی خەوتن و خواردن و ئاو و دەستگەیشتن بە شوێنە تەندروستییەکان.

دادگا فەرمانی بە دەوڵەت کرد بۆ دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی خێرای کۆچبەران بۆ چاودێری تەندروستی پێویست، هەروەها لابردنی هەندێک لە پەناخوازان کە لەناو لاوازترین گرووپەکاندا پۆلێنکراون، لەوانە منداڵان لەو سەنتەرانە.

بڕیارەکەی دادگا دەڵێ، کە “کورتترین ماوەی گونجاوی کات” دەبێت بۆ پێوەرەکانی تر دیاری بکرێت، لەوانە دەستگەیشتن بە خانووبەرە لەگەڵ ژێرخانی تەندروستی پێویست و پراکتیکی.

فرانک کەندێل سەرۆکی ئەنجومەنی پەنابەرانی هۆڵەندا، ستایشی بڕیاری ڕوون و پێویستی کرد ئەوەشی وت: “ئێمە کاتێ دڵخۆش دەبین، کە پەناخواز ناچار نەبێت لە چادر، یا هۆڵی وەرزش، یان هۆڵی پێشوازیدا بخەوێت”.

ڕەنگە بە دڵت بن