نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە پەرەسەندەنەکانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا دەدات، بەتایبەت هێرشە موشکەکییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕوسیا بۆ سەر شارەکان و، شاری کییڤی پایتەخت.
فیلیپۆ گراندی لە کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دا، کە چڕکردنەوەی بۆردومانەکانی ڕوسیا بۆ سەر چەند شارێکی ئۆکرانیا، لەوانەیە ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی ئۆکرانییەکان، کە ناچارن لە ماڵ و حاڵی خۆیان ڕابکەن، ئەوەشی خستەڕوو، کە بەردەوامی ڕووداوەکان شەپۆلێکی تری پانەبەرانی ئۆکرانیا دەستپێدەکاتەوە.
لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی خەڵاتی پەنابەران ( نانسێن ) کە لەلایەن UNHCRەوە و ئەمساڵ خەڵاتەکە بە ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل بەخشرا، لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی لە ساڵانی 2015,2016 بە کردنەوەی سنوورەکان و پێشوازیکردنی لە پەنابەران، لەم مەراسیمەدا مگراندی پێشبینی ئەوەی کرد کە شەپۆلێکی تر لە ئاوارە ئۆکرانییەکان لە ناوخۆ و بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستپێبکات.
جێی ئاماژەیە، لەوکاتەی ڕوسیا لە 24ی مانگی دوو ئۆپراسیۆنی داگیرکاری دژی ئۆکرانیا دەستپێکردووە، زیاتر لە 7.6 ملیۆن پەنابەری ئۆکرانیا لە وڵاتانی ئەوروپا تۆمارکراون و، نزیکەی حەوت ملیۆن کەسیش لەناو ئۆکرانیا ئاوارەی ناوخۆیی بوون.
س/ح