لەبەر کاروچالاکییەکانی هاوسەرەکەی ئافرەتێکی کورد دەستگیر دەکرێت

ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، نگین مەحەموودی خەڵکی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشانیان بەهۆی چالاکییەکانی هاوژینەکەیەوە بە بارمتە گرتووە و، گواستوویانەتەوە بۆ کرماشان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) ٢٧٢٢، دوای بانگکردنی نگین مەحموودی بۆ دادگای شاری پاوە، ناوبراو دەستبەسەرکراوە و، بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان گوازراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نگین مەحموودی، بەهۆی کار و چالاکییەکانی هاوژینەکەی بە ناوی قارەمان کەریمی، کە یەکێکە لە پارێزەرە پلە یەکەکانی دادگا، بە بارمتە گیراوە. ناوەندە ئەمنییەتییەکان داوای خۆ بەدەستەوەدانی ئەو پارێزەرەیان کردووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، لەم ساڵانەی دواییدا قارەمان کەریمی پارێزەری ژمارەیەکی زۆری بەندکراوی سیاسی بووە لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

جێی باسە، نگین مەحموودی دایکی کۆرپەیەکی ٧ مانگانە و لە ئێستادا ئەم کۆرپەیە لە دایک و باوکی بێ بەشە.

ڕەنگە بە دڵت بن