لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری سنە، بە ناوەکانی ڕادا فاتیحی، ڕامین فاتیحی و وریا فاتیحی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕادا فاتیحی ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) و، ڕامین فاتیحی و وریا فاتیحی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی ٢١ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.
دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بەسەر دەستگیرکرانی ئەو ٣ خوشک و برایە، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەیان لە ناوەندە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان لەسەر چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرکرانیان، بێ ئەنجام ماوەتەوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە پێدانی هەر چەشنە زانیارییەک خۆ دەبوێرن.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی کە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراون، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی تەنیا لە شاری سنە دەستگیرکراون، کە ناسنامەی ١١٠ کەسیان ئاشکرا بووە.