قوتابییەکی مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی نێچیروان ڕەسووڵی دێبوکری خەڵکی شاری بۆکان، لەکاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە کەوتووەتە بەر دەستڕێژی هێزە حکومییەکان و بە سەختی بریندار بووە و، باری تەندروستی ناجێگیرە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە، ڕێککەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، هێزە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی ژمارەیەک لە قوتابی شاری بۆکان تەقەیان کردووە و، چەند قوتابییەکیان بریندار کردووە، کە لە نێویاندا نێچیروان ڕەسووڵی دێبوکری بە توندی بریندار بووە.
بەوتەی یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەسووڵی دێبوکری، ئەو مێرمنداڵە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، بۆ یەکێ لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.