لاوێکی خەڵکی ئیلام، بەناوی محەمەد عەبدوڵاهی، کە لەکاتی ناڕەزایەتیییەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتەبەری ٢٠٢٢)، لە بەرامبەر بینای فەرمانداری شاری ئیلام، محەمەد عەبدوڵاهی ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست دەدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە، کە لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام لە بەرامبەر بینای فەرمانداری، چەندین هاوڵاتی دەستگیرکراون، هاوکات چەندین هاوڵاتی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵاهی ڕاگەیاندووە: “هێزە ئەمنییەکانی ئیلام، کاتژمێر ١: ٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییان بە باوکی محەمەدەوە کردووە و، پێیان وتووە، کە کوڕەکەت بریندارە و لە نەخۆشخانەی خومەینی خەوێندراوە”.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی عەبدوڵاهی، هەر ئەوکاتە و دەستبەجێ خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی خومەینی، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە پێیان ڕاگەیاندوون، کە کەسێک بەو ناونیشانە لەوێ نەخەوێندراوە. دوای کاتژمێرێک دووبارە پەیوەندیان بە بنەماڵەی عەبدوڵاهیەوە کردووە و پێیان وتوون، کە کوڕەکەتان گیانی لەدەستداوە و، کاتژمێر ٩ی بەیانی لە ساردخانەی بەهەشتی ڕەزای شاری ئیلام تەرمەکەی وەربگرنەوە.
یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵاهی، کە تەرمی محەمەدی بینیبوو لەمبارە وتی: “ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر هەموو جەستەی محەمەد دیار بووە و، سەری بەهۆی بەرکەوتنی شتێکی قورس (بە ئەگەری زۆرەوە باتۆم) شکابوو”.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ناوەندە ئەمنییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کاتێکدا تەرمی محەمەدیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە، بەڵێنی نووسراویان لە ئیبراهیم عەبدوڵاهی باوکی محەمەد وەرگرتووە، کە هۆکاری مردنی کوڕەکەی بە مردنی سروشتی ڕابگەیەنن و، هەر هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە گۆڕستانی بەهەشتی ڕەزا و، لەژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەچووە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی محەمەد عەبدوڵاهی کردووە، کە مافی میدیایی کردنەوەی ئەم بابەتەیان نییە، وە نابێت لەگەڵ هیچ ڕاگەیاندنێکدا قسە بکەن.