دوو برای خوێندکاری خەڵکی سەقز، بە ناوەکانی ڕاژین قادری و ئاروین قادری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ڕەفسەنجانی سەر بە پارێزگای کرمان، ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە، ڕێککەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو برا خوێندکارەی خەڵکی سەقز و، بەشێویەکی توندوتیژانە هەردووکیانیان دەستگیرکردوون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای لێدان و کوتانی ئەو دوو برایە لە کاتی دەستگیرکردنیان، دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیشیاندا گرتوون.
ئاروین قادری، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای بەشی میکانیکییە و، ڕاژین قادری خوێندکاری بەشی یاسایە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ڕفاندنی ئەو دوو برایە، تا ئێستا زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە.