ئەڵمانیا نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری لە ئۆکرانیاوە وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کۆچبەر لە ناوەڕاست و باڵکانەوە دەپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، ئەمە وای لە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا کرد، کە جەخت لەسەر پێویستی چارەسەرێکی ئەوروپی بکات بۆ ڕێگرتن لە کۆچبەران.
نانسی ویسەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، بە ئاژانسی هەواڵی ئاڕ ئێن دی ئەڵمانی ڕاگەیاند، پێویستە کۆچکردنی نایاسایی لەڕێگای بەلقانەوە کەم بکرێتەوە، وتیشی: دەستەڵاتدارانی ئەوروپا بەرپرسیارێتی هاوبەشیان هەیە بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسایی، بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە پشتیوانی بەپەلەیە، لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەرمان لە ئۆکرانیاوە وەرگرتووە، لە هەمانکاتدا خەڵکی زیاتر لە ڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاست و ڕێگای بەلقانەوە دێنە ئەوروپا.
بەمەبەستی ڕێگریکردنی کۆچبەران لەڕێگای بەلقان، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە (20ی تشرینی یەکەم) لە بەرلین بەڕێوەچوو، پاکێجێکی پێوانەیی تاوتوێ کرا. ئەمە بریتییە لە ڕێکخستنی سیاسەتی ڤیزای بەلقان لەگەڵ ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپا، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و دەستەبەرکردنی پاراستنی کاریگەری سنوورەکان.
هاوکات گێرالد کناوس، توێژەری کۆچ و دامەزرێنەری دەستپێشخەری سەقامگیری ئەوروپا، وتی: هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆچکردن بۆ یەکێتی ئەوروپا لەڕێگەی بەلقانەوە بێ سوودە، داخستنی ڕێگای بەلقان پێشتر هیچ کات کاریگەری نەبووە.
ویسەر نوێنەری شەش ویلایەتی ڕۆژئاوای بەلقان (ئەلبانیا، بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا، کۆسۆڤۆ، مۆنتینیگرۆ، مەقدۆنیای باکوور و سربیا)ی بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت کرد.
هەروەها نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا، نەمسا، بولگاریا، کرواتیا، فەرەنسا، یۆنان، ئیتالیا، پۆڵەندا، سلۆڤێنیا، شانشینی یەکگرتوو بەشداری گفتوگۆکان دەکەن.