بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەشداربوویەکی ناڕەزایەتییەکان گیانی لەدەستداوە

هاوڵاتییەکی شاری سەرپێڵی زەهاو، بە ناوی ڕامین کەرەمی تەمەن٣٠ ساڵ، کە لە کاتی ناڕەزایییەکانی کرماشان بە سەختی بریندار کرابوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی ڕامین کەرەمییان ئاگادار کردووەتەوە، کە بڕۆن تەرمی کوڕەکەیان لە شاری کرماشان وەربگرنەوە.

یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی ڕاگەیاند: “ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی کەرەمییان وتووە، کە کوڕەکەتان ئێوارەی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا گولەی بەرکەوتووە و، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە”.

ئەو سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کەرەمی کردووە و پێیان وتوون، کە لە ئەگەری ڕاگەیاندنی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بە بەرکەوتنی گولە و، میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە، ئەوا بە بڕی ٧٠٠ ملیۆن تمەن سزا دەدرێن. هەروەها دوای وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو لە بنەماڵەی ڕامین، کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە جەڵتەی دڵ ڕابگەیێنن، ئەوکات تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە.

یەکێکی تر لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی، هەر لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: “ئێمە تەنیا دەزانین کە ڕامین ڕۆژی چوارشەممە ون بوو و هیچ هەواڵێکمان لەو نەبووە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش نەیانوتووە کە لە کام شەقام بریندار بووە، چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، یاخود لە کام نەخۆشخانە خەوێندراوە”.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر ڕێوڕەسمی ئەسپردەکردنی ڕامین کەرەمی لە گۆڕستانی کەل داوودی سەرپێڵی زەهاو بەڕێوەچووە. چەند کەس لە هێزە ئەمنییەکان لەو گۆڕستانە ئامادە بوون و، وێنەی بەشداربووانی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراویان گرتووە.

ڕەنگە بە دڵت بن