هاوڵاتییەکی دیکەی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

ڕامین فاتیحی خەڵکی سنە، کە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خوشک و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە ڕفێندرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕامینیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.

یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی فاتیحی، لەمبارەوە تایبەت ڕاگەیاندووە، ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی فاتیحییان وتووە، کە کوڕەکەیان لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خۆی کوشتووە.

ئەمڕۆ شەممە، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ڕامین فاتیحی بەڕێوە دەچێت.

ڕامین فاتیحی، لەگەڵ براکەی وریا فاتیحی ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبەر) و خوشکەکەی ڕادا فاتیحی، لە ڕێککەوتی ٢٢ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، هەتا کاتی ڕاگەیاندی هەواڵی مردنی ڕامین، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراوان لەبەردەستدا نەبووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕامین فاتیحی چوارەمین هاوڵاتی کوردە کە لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەستگیرکراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.

ڕەنگە بە دڵت بن