شەپۆلێکی نوێی پەنابەر روو لە ئەوروپا دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا دێنیس شمیگال، ئەمڕۆ شەممە هۆشداری دا بە ئەوروپا، کە شەپۆلی نوێی پەنابەری هاوڵاتییەکانی دەبینن، بەوپێیەی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر وزەی ئۆکرانیا بەردەوامە.

شمیگال لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فرانکفۆرتەری گشتی ئەڵمانی گوتی: ڕەنگە ئەوروپا شەپۆلی نوێی پەنابەرێتی ببینێت ئەگەر بۆردومانی ڕوسیا بۆ سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی بەردەوام بێت، وتیشی: “ئەگەر کارەبا نەبێت، نە گەرمکردنەوە، نە ئاو لە ئۆکرانیا نامێنێت، ئەوا دەبێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن”.

ئەمە لە کاتێکدا دێت کە بۆردومانە نوێیەکانی ڕوسیا لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، ژێرخانی وزەیان کردە ئامانج و بەوهۆیەشەوە کارەبا لە چەندین شار و شارۆچکەی ئەو وڵاتە بڕاوە.

هێرشی نوێ بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانی

ئۆکەر ئینێرگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی کە هێزەکانی ڕوسیا هێرشێکی موشەکی نوێیان ئەنجام داوە و، تۆڕە سەرەکیەکانی کارەبای ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج.

ئۆکەر ئینێرگۆ وتی کە سنوردارکردنی وزە لە چەند هەرێمێکدا “سەپێنراوە”، لەوانە کیێڤی پایتەخت و ناوچەکە بگرێتەوە، هەروەها بەڵێنیشی دا کە پسپۆڕەکانی “هەموو ڕێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ گەڕانەوەی کارەبا بە زووترین کات بۆ ئەو ناوچانەی ئێستا لە کارەبا بێبەشن”.

سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ملیۆنێک ماڵ لەو وڵاتە بێ کارەبا بوون پاش هێرشەکانی ڕوسیا.

ڕەنگە بە دڵت بن