لەپاش ئۆپراسیۆنی داگیرکاری ڕوسیا دژی ئۆکرانیا، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵە سزایەکی سیاسی و ئابووری بەسەر ڕوسیا سەپێنرا، لەبەرامبەردا سەرمایەدار و کۆمپانیاکانی ڕوسیا ڕوو لە وڵاتانی عەرەبی دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیزڤێستایی ڕوسیا، نزیکەی 700 کۆمپانیای ڕوسی لە کۆتایی مانگی دوو، تا کۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵ، لە ئیمارات بنکەی یاساییان کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکەی ڕوسیا لە زاری نوێنەرێکی ڕێکخراوی دیلۆڤایا ڕوسیای (کەرتی بازرگانی ڕوسیا) و، ژووری بازرگانی و پیشەسازی (CCI) ەوە هاتووە، کە ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە لەچاو ساڵی ڕابردوو، لە پێنج بۆ حەوت جار زیادیکردووە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکانی ڕوسیا، کۆنستانتین ڤۆڵف، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتی دارایی و پیشەسازی و وەبەرهێنانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ڕوسیا، ڕایگەیاند، کە دەکرێت لەم بارودۆخەدا بەتایبەتی لەبواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا چاودێر بکرێت.
هەروەها ماکسیم زاگۆرنۆڤ باڵیۆزی بازرگانی ڕوسیا لە ئیمارات، ڕایگەیاند، کە کۆمپانیای بچووک و مامناوەندەکان نوێنەرایەتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنەوە، بەڵام دواتر سەرمایەدارە گەورەکانی ڕوسیاش چوونە ناو بازاڕی ناوخۆییەکانەوە.
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە، کە ئەم هەنگاوە زۆر ئامانجی فراوانکردنی بازرگانی نییە، بەڵام بە سادەیی ڕێگە بە چالاکی بازرگانی دەدا، کە لەژێر سزای ئەوروپا و ئەمەریکادا بەردوامبن.
س،ح