ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

لە زۆربەی زانكۆكانی ئێران و قوتابخانەكانی بەشێك لە شارەكانی ئەو وڵاتە، مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامە و لە بەشێكی بەرچاوی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش گردبوونەوە ئەنجامدرا.

دوێنێ، لە دێژەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، لەچەند شارێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەتایبەت سنە، مەریوان و سەقز، مانگرتن بەڕێوەچوو و، دوكان و بازاڕەكان داخران.

هاوكات لە چەند گەڕەكێكی شاری سنە، گەنجان بە گردبوونەوە و كردنەوەی ئاگر ڕووبەڕووی هێزەكانی دەوڵەت بوونەوە، لە شارەكانی كرماشان، مەریوان، سەقز، بۆكان و مهاباد و چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش، بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجان و بە وتنەوەی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) گردبوونەوە بەڕێوەچوو، كە تێیدا خۆپیشاندەران بە كردنەوەی ئاگر ڕێگە و شەقامەكانیان داخست و، توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە دەستەڵات دەربڕی.

لە بەشێك لە خوێندنگەكانی سنە و مەریوانیش، خوێندكاران بە شێوەی جیاجیا ناڕەزایەتیان نیشاندا و، هەر لە شاری مەریوان، هێزەكانی دەوڵەت بۆ سەركوتی خوێندكارانی زانكۆی پەیامنور، هەڵیان كوتایە سەر ئەو زانكۆیە.

لەسەر ئاستی ئێرانیش خوێندكارانی زانكۆكانی سیستان و بەلوچستان، ئەسفەهان، شیراز، هورموزگان، ڕەشت و چەند شارێكی دیکە، گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوایان كرد، شێوەی ناڕەزایەتی دەربڕین بگۆڕدرێت بۆ مانگرتنی سەرتاسەری خوێندكاران و، بایكۆتی تەواوەتی هۆڵەكانی خوێندن.

لەچەند خوێندنگەیەكی كەرەج، ئەسفەهان، تاران و شیرازیش، خوێندكاران بە گردبوونەوە لە حەوشەی خوێندنگە و وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاوكات شەوی ڕابردوو، لە چەند ناوچەیەكی تاران، تەورێز و ئەسفەهان گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەڕێوەچوو، یەكێ لە دروشمانەی دەوترایەوە (ژن، ژیان، ئازادی) بوو.

لەلایەكی دیکەوە، ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران، نوێترین ئاماری كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی بڵاوكردەوە، بەگوێرەی ئەو ئامارە، تا ئێستا كوژرانی ٢٧٧ كەسیان بۆ پشتڕاست كراوەتەوە، كە ٤٠ كەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵدایە، ڕێكخراوەكە دەشڵێت: پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی كوژراوەكان لەوە زیاتر بێت.

ڕەنگە بە دڵت بن