لە درێژەی شەپۆلی ڕفاندنی مێرمنداڵان و منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، سێ مێرمنداڵ بە ناوەکانی میلاد کەریمی خەڵکی ساین قەڵا، ماردین قوربانی خەڵکی مەریوان و ڕامان حەمزە خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە ڕفێندراون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، میلاد کەریمی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئاق تەپە”ی سەر بە ساین قەڵا، لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران ڕفێندراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەر، هێزە حکومییەکان لە شاری مەریوان، ماردین قوربانی تەمەن ١٧ ساڵیان، ڕفاندووە.
هەروەها، ڕامان حەمزە، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سنە، هەر ئەو ڕۆژە، واتە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، لەلایەن هێزە حکومییەکان ڕفێندراوە.
جێی باسە، هەتا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو سێ مێرمنداڵە بە بنەماڵەکانیان نەدراوە.