کچێکی قوتابی تەمەن ١٦ ساڵ، بەناوی هەستی حوسێن پەناهی خەڵکی دێولان، لە ئەنجامی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان و هەڕەشەی دەرکردنی لە قوتابخانە، ئەوەش بەهۆی دڕاندنی وێنەی خومەینی لەدوای هاتنە دەرەوەی لە فەرمانگەی پەروەردەی ئەو شارە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئێستا لە کۆمادایە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هەستی حوسێن پەناهی، لەلایەن حیراسەتی پەروەردە و بارهێنانی دێولان بانگکراوە و پێیان ڕاگەیاندووە، کە گرتە ڤیدیۆیییەکیان لەو کچە مێرمنداڵە لەبەردەستدایە وێنەی خامنەیی و خومەینی تێدا دەدڕێنێت، بەوهۆیەوە ئەگەر هاوکارییان نەکات، ئەوا لە قوتابخانە دەردەکرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەستی حوسێن پەناهی، بەهۆی ئەوگوشارە دەروونیەی ناوەندە ئەمنییەکان و هەڕەشەی دەرکردنی لە قوتابخانە لەسەری درووستبووە، لەدوای هاتنە دەرەوەی لە فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان، لەکاتێکدا سواری ئوتۆمبێل بووە، بەمەبەستی خۆکوشتن خۆی فرێداوەتە خوارەوە و لە ئێستادا لە کۆمادایە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕاگەیاند، هەستی بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گوازراوەتەوە و، ئاستی هۆشیاری زۆر خراپە، پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە، کە ئەگەری مردنی ئەو کچە مێرمنداڵە زۆرە و، ئێستا لە بەشی چاودێری چڕدا خەوێندراوە.