لەکاتی دروشم نووسیندا شەهید دەکرێت

ئەردەڵان قاسمی، خەڵکی گیەڵان (گیلانی ڕۆژئاوا)، لەکاتی نووسینی دروشمی دژە حکومەتی ئێران لە جووتسایدی تاقوەسانی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت شەهیدکرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەردەڵان قاسمی، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی گیەڵان، شەوی پێنجشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لەگەڵ کەسێکی دیکە، لەکاتی نووسینی دروشم لە یەکێ لە شەقامەکانی کرماشان، کەوتنە بەر دەستڕێژی گولەی هێزەکانی رژێمی ئیران و، لە ئەنجامدا ناوبراو گیانی لە دەستدا.

یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی قاسمی کە تەرمی ئەردەڵانی بینیوە، رایگەیاند، کە ناوبراو دوو گولە بەر کەمەری کەوتووە و گولەیەکیش بەر شانی کەوتووە.

کەسی دووەم کە ناسنامەی هەتا ئێستا نەزانراوە و لەگەڵ ئەردەڵان بووە، بە سەختی برینداربووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

بەوتەی یەکێ لە نزیکانی بنەماڵەی قاسمی، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی هەینی، ٢٠ خەزەڵوەر، بنەماڵەی قاسمییان بانگکردووەتە شاری کرماشان و، ئەوانیان بردووەتە لای هاوڕێکەی ئەردەڵان.

ئەو هاوڕێیەی ئەردەڵان لە کاتێکدا کە هێشتا خوێنبەربوونەکەی نەوەستاوەتەوە، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان، بەو بنەماڵەیەی وتووە: “ئێمە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بووین و باری چەکمان پێبووە، ویستوومانە بەدەستی خۆپیشاندەرانی بگەیەنین، بەڵام هێزەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەیان کردووە و ئەردەڵان کوژراوە”.

برای ئەردەڵان قاسمی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ” ناوەندە ئەمنییەکان، یەکەمجار بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەردەڵان داوای ٤٠٠ ملیۆن تمەن پارەی نەختیان کردووە، بەڵام دواتر وتوویانە ئەگەر بێدەنگ بن و هۆکاری مردنەکەی بە گواستنەوەی چەک بۆ «ئاژاوەگێڕان» ڕابگەیێنن، لەبەرامبەر ٢٠ ملیۆن تمەن تەرمەکەیتان ڕادەست دەکەین”.

بەوتەی ناوبراو، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، تەرمی ئەردەڵان ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و ناوەندەی ئەمنییەکان بەڵێنی نووسراویان لێوەرگرتوون، کە لە ئەگەری میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە، برا گەورەکەی ئەردەڵان بە تۆمەتی “ڕێبەری ئاژاوەگێڕان” دەستگیر دەکەن.

تەرمی ئەردەڵان قاسمی ڕۆژی شەممە، لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا لە زێدی لەدایکبوونی و لە گۆڕستانی تاقەیل بە خاک سپێردراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن