تاڵیبان ئەمانەشی لە ئافرەتان قەدەغەکرد 

دوای ئەوەی ژنانی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی پارکەکان لێکرا، نۆرەی هۆڵی وەرزش و گەرماوەکانی گشتی بەدواداهات و، تاڵیبان بەردەوامە لە چەسپاندنی یاسا ئیسلامییەکان بەسەر ژناندا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێستا لەلایەن دەستەڵاتدارانی تاڵیبانەوە، هۆڵی وەرزش و گەرمای گشتی بۆ ژنانی ئەفغانی قەدەغەکراوە، محەمەد عەکف سادق موهجیر، وتەبێژی وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند: “وەرزشەکان داخراون بۆ ژنان، چونکە ڕاهێنەرەکان پیاو بوون و هەندێکیش (هۆڵ) تێکەڵ بوون، گەرماوەکانی گشتیش، کە پیاوان و ژنان بەشێوەیەکی ئاسایی جیا دەکرێنەوە، ئێستا بۆ ژنان قەدەغەکراوە”.

ئەو وتی: “لە ئێستادا هەموو ماڵێک گەرماوی تێدایە، بۆیە هیچ کێشەیەک بۆ ژنان نییە تا نەتوانێ گەرماو بکات”.

سەنعا، خوێندکاری زانکۆ و تەمەن 23 ساڵ، وتی: “بڕیارەکەی تاڵیبان جیاوازە و هۆکاری سەرەکی داخستنی دەرگای پارکەکان و هۆڵی وەرزش و گەرماوەکان لە ئایدۆلۆژیای دژە ژنی تاڵیباندایە”.

“ئەفغانستان ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ زیندانێک بۆ ژنان، ئەوان دەیانەوێت ژنان بنێرن بۆ چاڵێکی ڕەش، ئەمڕۆ بە داخستنی ئەو ئاسانکارییانە، لە چوار دیواری ماڵەکانیاندا بەند دەکرێن”.

سەرەڕای بەڵێنی تاڵیبان بۆ نیشاندانی نەرمی زیاتر لەسەر گەڕانەوەیان بۆ سەر دەستەڵات لە مانگی ئابی 2021دا، زۆر پشتیان بە لێکدانەوە توندەکانی ئیسلام بەستووە، کە لە قۆناغی یەکەمی فەرمانڕەوایەتیدا زاڵ بووە (1996-2001) کاتێک ماف و ئازادییەکانی ژنان پێشێل دەکران.

خوێندنگە ناوەندییەکانی کچان داخراون و داوا لە ژنان کراوە کە حیجابێکی تەواو لەبەر بکەن، ئەوان لە زۆربەی کارە گشتییەکان دوورخرانەوە، هاوکات گەشتکردنی بە تەنیا بۆ دەرەوەی شارەکان لە ئافرەتان قەدەغە کراوە. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا تاڵیبان ڕایگەیاند، کە چیتر ڕێگەیان پێنادەن سەردانی پارک و باخچەکانی کابول بکەن.

ڕەنگە بە دڵت بن