هاوڵاتییەکی دیکەی کورد شەهید دەکرێت


هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی سامان ڕەحمانی تەمەن ٢٨ ساڵ، لەکاتی نووسینی دروشمی دژ بە حکومەت لە قەڵای حەسەن‌خان (شاری قودس) ی تاران، بە لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە شەهیدرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێواری ڕۆژی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە قەڵای حەسەن‌خان (شاری قودس) ی تاران، هێرشیان کردووەتە سەر چەند لاوێک، کە خەریکی نووسینی دروشم دژی حکومەت بوون و لەو هێرشەدا سامان ڕەحمانی، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی شاری تیکاب دەستگیرکراوە و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بە باتۆم و بە شێوەیەکی دڕندانە لە سەری ناوبراویان داوە، دوو هاوڕێی ناوبراو کە لەگەڵیدا بوون توانیوانە لە دەستی هێزەکانی حکومەت هەڵێن.

یەکێ لە هاوڕێیانی سامان لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕایگەیاند؛ لە کاتێک سامان کەوتبووە سەر زەوی، خێرا هێزەکان لەگەڵ خۆیاندا بردیان. ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر ئەو هێزانە پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێیانیان ڕاگەیاندوون، کە بۆ ناسینەوەی کوڕەکەیان سەردانی پزیشکی دادوەریی قەڵای حەسەن‌خان بکەن.

هەنگاو زانیویەتی کە سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە، ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری تیکاب، گوشیاریان خستووەتە سەر هەموو ئەندامانی بنەماڵەی سامان و کەسوکاری بنەماڵەی ڕەحمانی لە ماڵی یەکێ لەو بنەماڵەیە کۆ کردووەتەوە و، کادیرێکی ئیتلاعات لە تیکاب هەڕەشەی لێیان کردووە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەواڵی کوژرانی سامان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو ببێتەوە، جیا لەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و سزای بەندکردنی درێژماوەی لێیان کردووە.

تەرمی سامان ڕەحمانی، کاتژمێر ۵ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر لە گۆڕستانی گەڕەکی شەریفاوای تیکاب و، بە چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان بە خاک سپێردراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەحمانی، لەم بارەیەوە بۆ هەنگاو وتی: “نزیک بە ١٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە تاران، تا تیکاب لەگەڵ تەرمی سامان ڕەحمانی هاتبوون و، پاش ئەوەی کە گەیشتوونە شاری تیکاب، ڕێگەیان نەداوە جەنازەکە بچێتە مزگەوتی گەڕەکی شەریفاوا بۆ شۆردن و، بە مەبەستی پێشگیری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارە، بەبێ هاوئاهەنگی جەنازەکەیان بردووتە گۆڕستان و لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسوکارەکەیدا بە بێدەنگی بەخاکیان سپاردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی: “ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری تیکاب ڕێگەیان بە دوو کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە کۆچی دوایی ئەو شارە نەداوە، کە هەواڵی کوژرانی سامان بڵاو بکەنەوە و، ئەو ئاگادارییانەش کە لەسەر کوژرانی ناوبراو و لە دیوارەکانی گەڕەکی شەریفاوا بڵاو کرابوونەوە، هێزەکانی ئیتلاعات هەموویان لێ کردووەتەوە و دڕاندوویانە”.

سامان ڕەحمانی، تەمەن ٢٨ ساڵ، دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ دایکی و خوشک و براکانی چووبوونە شاری تاران و لەوێ ژیانیان بەسەر دەبرد، تەنیا باوکی لە شاری تیکاب دەژیا.

ڕەنگە بە دڵت بن