زۆرێک لە مامۆستایان ڕەخنەیان لە پێشنیارێک گرت، کە لە ڕێککەوتننامەی تی دی ئۆ دا هاتووە، حکومەت لە نێوان پارتە پارێزگارەکان و دیموکراتە مەسیحیەکان و ئازادیخوازان و دیموکراتەکانی سوید پێکهات، پێشنیارەکە داوا لە مامۆستایان دەکات کە هەر پەنابەرێکی خوێندکاریان باوک و دایکیان مافی مانەوەیان نەبێت، دەستەڵاتی لێ ئاگادار بکەنەوە.
ئەگەر ئەو پێشنیارە ببێتە یاسا، دوای ئەوەی پەرلەمان پەسەندی بکات، ئەوا مامۆستایان ناچار دەبن، کە ڕاپۆرت لەسەر ئەو منداڵە پەنابەرە خوێندکارانە بدەن.
یەکێتی مامۆستایان ڕەخنەیان لەو پێشنیارە گرت، ماریا ویمان، مامۆستا لە قوتابخانەیەکی هۆدینگ، بە ڕادیۆی سویدی وت، ئەو واز لە کارەکەی دێنێت، وەک لەوەی راپۆرت لە منداڵە پەنابەرێ بدا، کە دایک و باوکی مافی مانەوەیان نییە.
ئەو وتی: “کاتێک خوێندکارەکان دێن بۆ قوتابخانە دەترسن کە ڕاپۆرتیان لەسەر بدەم، پێم باشە دەست لەکاربکێشمەوە و واز لە پیشەکەم بهێنم، تا وەها کارێ بکەم، ئەمە دوورە لە بەهاکانم و ئەو کارەی کە هەڵمبژاردووە”.
بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی تی دی ئۆ، شارەوانییەکان ناچار دەبن بە ئاگادارکردنەوەی ئاژانسی کۆچبەران و پۆلیس، کاتێ پەیوەندی بە هەر کەسێکەوە دەکەن کە لە سوید نیشتەجێن بەبێ ئەوەی مافی مانەوەیان هەبێت، ئەوەش مامۆستایان ناچار دەکات ڕاپۆرت لەسەر ئەو منداڵە پەنابەرانە بدەن، حکومەت وتی کە لێکۆڵینەوەیەک دەست پێ دەکات پێش ئەوەی پێشنیارەکە ببێتە یاسا.
جێی باسە، یەکێتی مامۆستایان داوایان کردووە، کە خوێندنگاکان لەو پێشنیارە دووربن.